نەوەی نوێ پشتگیری بۆ خۆپیشاندانەکان دەربڕی

  2020-12-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جوڵانەوەی نەوەی نوێ پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دەبڕی و داوا دەکات هەموو هاوڵاتیان بەشداربن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی سیاسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاندوە" خەڵکی کوردستان لە ئێستادا دور لە ئینتیمای حیزبی رژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ داواکردنی مافی خۆیان، بۆیە ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە تەواوی پشتیوانی داواکاری خۆپیشاندەران دەکەین و هیوادارین هەر تاکێکی ئەم هەرێمە بەشدار بێت لە داواکردنی مافی خۆی بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان ، سەرباری راوبۆچونی جیاوازیان .

ئاماژەی بەوەشکردوە" هاوڵاتیان بەوپەڕی هێمنی و شارستانیانە هاتونەتە سەر شەقام و داوای مافە رەواکانیان دەکەن، بەڵام دەسەڵات تەنانەت لە خۆپیشاندانی هێمنانەو شارستانیانەش دەترسێت .

 ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی دوو رۆژە لە شاری سلێمانی خۆپیشاندان بەردەوامە و ئەمڕۆ توندتیژی لێکەوتەوە.