فراکسیۆنی گۆڕان: داوا لە بەرپرسانی ھەرێم دەکەین لەسەر هێرشەکانی تورکیا بەدەنگبێن

  2020-06-15  | 
هەولێر
لۆگۆی گۆڕان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و داوا لە بەرپرسانی ھەرێم دەکەن لەسەر ئەم پێشێلکارییە بەدەنگبێن.

فراکسیۆنی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێرش و پەلامارەکەی شەوی رابردووی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری خاکی عێراق وهەرێمی کوردستانە، بەتایبەت کە هێرشکراوەتەوەسەر کەمپی مخمور کە خەڵکی مەدەنی تێدا نیشتەجێیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم شێواز لە جەنگ و توندوتیژی و هێرشکردنەسەر خەڵکی مەدەنی زۆر تاقی کراوەتەوە، بەڵام ھیچ ئەنجامێکی نەبووە و ناشبێت.

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاندووە، ئێمە سەرکۆنە و ئیدانیە توندی ئەو هێرشە دەکەین و داوا لە حکومەتی عێراق و بەتایبەت سەرۆکی کۆمار و وەزارەتی دەرەوە دەکەین، ھەڵوێستی جدیان ھەبێت، هەروەک داوا لە بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم دەکەین لەسەر ئەم پێشێلکاریە بەدەنگ بێن .

شەوی رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بە بیانوی بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هێرشیانکردەسەر ناوچەکانی شەنگال و کەمپی مەخمور و گوندەکانی باڵاکایەتی و بادینان و گۆڕەپانەکانی سیداو، ناوچەی وەرخاڵیی هەرێمی ئاڤاشین، ناوچەی سنینێی خواکورک و گوندەکانی بناری قەندیل.

دواتر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا و بەبێ ئاماژە پێدان بە زیانەکانی هێرشەکە رایگەیاند، ٨١ ئامانجی پەکەکە-یان پێکاوە.


ڕیکلام