ماکەکانی کۆڕۆنا

  2020-12-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
د.داهات حەوێزی*

زۆربەی خەڵکی (٨۵%ی نەخۆشەکان ) کە تووشی کۆڕۆنا دەبن بە سووکی دەگرن و تووشی ماکەکان نابن، بەڵام هەندێ لەو کەسانەی بە قورسی نەحۆشیەکە دەگرن یان ئەوانەی تەمەنیان هەیە یاخود نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە لەوانەیە لەکاتی نەخۆشیەکەیان یان دوای چاکبوونەوە تووشی هەندێ کێشەی تەندروستی بن کە پێویستی بە بەدواداچوون و چارەسەری پسپۆڕی هەیە.

گرنگترین ئەو ماکانەی کە توشی ئەو نەخۆشانە دەبێت کە بە قورسی حاڵەتەکەیان گرتووە و لەوانەیە ببێتە هۆی گیان لەدەستدانیان بریتین لە:

-هەوکردنی سەختی سیەکان و لەکارکەوتنی سیەکان و ئاوتێزانی سیەکان

-مەیینی خوێن (خوێن خەستبونەوە)و جەڵتەی سیەکان و جەڵتەی سپڵ و گانگرینی پەلەکان

-خاوبونەوەی لێدانی دڵ و تێکچوونی کارەبایی دڵ و سستبونی ماسولکەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ

-کۆڕۆنا لەوانەیە ببێتە هۆی جەڵتەی مێشک و گەشکە و کۆنیشانەی گولیان بێری و لەبیرچوونەوە و سڕبوونی پەلەکان و پووکانەوەی ماسولکەکان.

-ووشکبونەوەی گورچیلەکان و لەکارکەوتنی گورچیلە و بەرزبونەوەی ئەنزیمەکانی جگەر و تێکچوونی فرمانی غودە و کەڕووی ناودەم و برینی سەرجێگا

-بەشێک لە نەخۆشەکان دوای چاک بونەوەش هەندێ نیشانەی سوکیان ئەمێنێ کە جێی ترس نیە و نیشانەی مانەوەی ڤایرۆسەکە یان دوبارە تووشبونەوە نیە بەس پێویستی بەدواداچوونی پزیشکی هەیە، ئەم ناڕەحەتیانە زۆر جار تا سێ مانگ دوای چاک بونەوە ئەمێننەوە

سەریەشە، سەرگێژخواردن، ئازاری ماسولکەکان، هیلاکی،هەناستوندی کەم و ئازاری سەر سنگ، ئارەقەکردنەوە، بێخەوی، قژهەڵوەرین، نەمانی هەستی بۆن کردن و تامکردن، بەرز و نزمی شەکرە  و زەخت.

-هەندێ لە نەخۆشەکان تا سێ مانگیش دوای چاکبونەوە پێویستیان بە چاودێری پزیشکی و پشکنینی خوێن و فەحسی غودە و ڕێژەی هەوکردن و خەستی خوێن و ئیکۆی دڵ و ئەشیعەی تەنوری سیەکان هەیە.

"دووربن لە هەموو دەرد و بەڵایەک"
*پزیشکی پسپۆری هەناوی و شەکرە و غودە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی تایبەت بە کۆڕۆنا


ڕیکلام