ڕاوێژکاری کازمی: قەرز کردنیش سنوری هەیە

  2020-12-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی ڕایگەیاند، پلانی دارایی داهاتووی چەند مانگی داهاتوو دیاری دەکات و قەرزکردنیش سنوری هەیە.

مزهەر محەمەد بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە، لەسەرەتای مانگی کانونی دووەمەوە پلانی داهاتووی چەند مانگی دارهاتوو دیاری دەکات، چونکە هەموو لایەک چاویان لەسەر پلانی داراییە بۆ زانینی چۆنێتی دیاریکردنی خەرجییەکان و داهاتەکان و چارەسەرکردنی کورتهێنان ئەگەر هەبێت.

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، دەرچوون لە قەیرانی دارایی پشت دەبەستێت بە فشاری خەرجییەکان و گەورەکردنی سەرچاوەکانی داهات و دانانی کارە لە پێشینەکان بەشێوەیەکی دروست، بەشێوەیەک هەندێک شت پێویستی بە فشار و بەش بەشکردن هەیە.

سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی عێراق جارێکی تر پەنا بۆ قەرزکردن ببات، بە مەبەستی پرکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی کە دێتە ئاراوە، مزهەر محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، قەرزکردن پشت دەبەستێت بە یاسای بودجە و بە یاسایەک لە پەرلەمانەوە دیاری دەکرێت، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، قەرزکردنیش سنوری هەیە.

لە کۆتایی وتەکانیدا ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، مەترسیەکە لەوەدایە کە پشت دەبەسترێت بە یەک سەرچاوەی داهات ئەویش نەوتە و نرخەکەشی لە دەرەوە دیاری دەکرێت.



ڕیکلام