ئیکیگای خۆتت دۆزیوەتەوە؟

  2020-12-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لالە مەدحەت

کتێبی "ئیکیگای-نھێنی ژاپۆنییەکان بۆ ژیانێکی بەختەوەر و تەمەنێکی درێژ" ڕوونکردنەوە و شیکردنەوە و بەکرداری کردنی چەمکێکە، لە نووسینی ھیکتۆر گارسیا و فرانسێس میرالێس، ھەڵبەت وەرگێڕانی ئەم کتێبە جیاواز و جێی سەرنجە بەرانبەر بە ھەمان کتێب کە دوو وەرگێڕانی دیکەی بۆ کراوە، کە ھەردووکیان لە پاش ئەم وەرگێڕانەوەن. ئەم وەرگێڕانە لە لایەن زیاتر لە بیست خوێندکارەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی، بە سەرپەرشتی دوو مامۆستای زانکۆ، ئەمەش نیشاندانی ھەوڵی خوێندکار و بەرھەمداری مامۆستایە کە پێکەوە جیاوازییەک بکەنە ناو سیستمی چەقبەستووی خوێندنەوە و بتوانن کتێبێکی گرنگی لەم چەشنە ببەخشنە کتێبخانەی کوردی. 

پێشەکی ئەم کتێبە لە لایەن ھەرێم عوسمان یەکێک لە مامۆستایانی سەرپەرشتیار نووسراوە. زۆر گرنگە پێشەکی بەجۆرێک بنووسرێت کە وابەستەت بکات بە کۆتا پەڕەکان، کاتێک پێشەکی ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە خولیای پەڕە دوای پەڕە ڕاتدەکێشێت، گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە بۆ مرۆڤایەتی نووسراوە، بە زمانێکی سادە گوزارشت لە ڕەھەندەکانی ژیان کراوە، بەشێوەیەکی تایبەت تیشکخراوەتە سەر شێوە ژیانی خەڵکی گوندێک[ئۆگیمی] لە ژاپۆن، کە بە گوندی تەمەندرێژی ناسراوە، باس لە ژیانی مرۆڤەکانی ئەو گوندە دەکات، کە بە تەمەنی سەروو سەد ساڵیش، ھێشتا پڕ گوڕ و تینن و یادی ڕۆژی لەدایکبوونیان دەکەنەوە. نوسەرەکان لە ھەوڵی دۆزینەوەی ھۆکاری ئەم بەختەوەری و تەمەندرێژییەن، وردەکاری ژیانیان دەخەنەڕوو، بەجۆرێک خوێنەر سەرسام دەکات، بە خستنە ڕووی کۆمەڵێ ڕەھەندی ژیان کە ھۆکاری سەرەکی تەمەن درێژییانە، وەک ڕێکخستنی خۆراک و جوڵەی بەردەوام و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و گرنگترینی دوورکەوتنەوە و خۆگرتنەوە لە جیھانی تەکنەلۆژیا و گەڕانەوە بۆ سروشت، دڵخۆشی و ئومێد، وازھێنان لە داھاتوو و ڕابردوو، ژیانکردن لە ئێستادا. 

زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ کە وابەستەیی بوونی بە شتانێک چەقبەستوو و دابڕاوی نەکات لەخود، کاتێک باس لە وەرزشکردن دەکرێت، مەرج نیە وەک ڕۆتیناتێک لێی بڕوانین، ئەوەی لەم کتێبەدا ئاماژەی پێدراوە، ڕۆشتنی پیادە و ھەڵسوڕانی کارەکانە بە شێوەیەکی سادە. ئەوەی جێی سەرنجە لەم شێوە ژیان و کەلتوور و تەنانەت زمانەش، ئەوەیە کە مرۆڤەکانی بەردەوام کاران و وشەی خانەنشینبوون و کارنەکردن لە فەرھەنگیاندا نییە، واتە بەردەوام لە جوڵە و کاردان، وازھێنان لە گۆشەگیری و بەکۆمەڵایەتی بوونیش ڕەھەندێکی گرنگە، بەجۆرێک لەم کتێبەدا باس نەکراوە کە بە حاڵەتیش ڕووداوێکی خۆکوشتن ڕوویدابێت، چونکە لایەنی دەرونییان تەواو ئارامە و پەیوەندی ھەست و سۆزیان تەواو پتەوە، خواردنی تەندروست و ڕێکخستنی ژەمە خۆراک، بەجۆرێک گۆشتی ماسی و سەوزە و میوە ژەمی بەردەوامیانە، ئەمانەش گرنگترین ھۆکارن بۆ تەمەندرێژیان. 

وەلێ ئامانجی سەرەکی لە نووسینی ئەم کتێبە ئەوەیە کە خوێنەر بتوانێت لە ژیانیدا ئیکیگای خۆی بدۆزێتەوە، دەبێت ئیکیگای چی بێت؟ ھەر مرۆڤێک دەتوانێت لە ڕوانگەی خۆیەوە گوزارشت لەچەمکی ئیکیگای بکات، ئیکیگای ھەوڵدانی تاکە بۆ مانابەخشین بە ھەرشتێک کە مانابەخش و چێژبەخشە، مرۆ پێویستە لە ژیانیدا ئیکیگای خۆی بدۆزێتەوە، ڕێگا و ئامانجێک، کە بۆ تەمەنێکی درێژ چێژی ھەمیشەیی پێ بدات.  زۆر گرنگە خوێنەری ئەم کتێبە بین، بۆ دۆزینەوەی دڵخۆشیمان وە ڕێگا و ئامانجی ڕاستەقینەی ژیانمان.


ڕیکلام