سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق: پشتیوانی چارەسەری کێشەکانی هەرێم و بەغدا دەکەین

  2020-12-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی قەوارە سیاسییەکانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا پشتیوانی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەربڕی.

نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بڵاویکردەوە، هەریەکە لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و سەرکردەی قەوارە سیاسیەکان کۆبوونەوە، لە کۆبوونەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی دواپێشهاتەکانی وڵات  و هێڵە گشتییەکانی بودجەی فیدراڵی و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.

وەک لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بەشداربوانی کۆبوونەوەکە پشیتوانی خۆی بۆ بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبڕی، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەشێوەیەک چارەسەرێکی دادپەروەرانەی ئەو کێشانە بکرێت بەگوێرەی دەستور.

هاوکات پشتیوانی ڕێوشوێنەکانی حکومەتیان کرد بۆ وەدیهێنانی چاکسازی ئابوری لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی دارایی ٢٠٢١، بەشێوەیەک دڵنیایی بدرێت لە بەهێزکردنی ئابوری لەبەردەم قەیرانەکاندا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتەیەکی پێشکەشکردووە سەبارەت بە دەستپێشخەری گفتوگۆی نیشتیمانی هەمەلایەن کە لەلا یەن حکومەتەوە پشتیوانی دەکرێت، لەپێناو ڕێگەخۆشکردن بۆ کەشێکی سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی ئەوتۆ، کە بتوانرێت هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی پاک و بێگەردی تێدا بکرێت و پارێزگاری بکرێت لە پێشێلکارییەک، بەشێوەیەک بەرزترین ئاستی شەفافیەت و دادپەروەریی تیا پەیڕەو بکرێت.

 



ڕیکلام