بۆ یەکەمجار ژنێکی عەرەب خۆی پۆستی سەرۆکی ئیسرائیل کاندید دەکات

  2020-12-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "ئیلهام خازن" ژنە سەرمایەدار و خاوەنکاری عەرەب، خۆی کاندید دەکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئیسرائیل، کە بۆیەکەمجارە لەمێژووی ئەو وڵاتەدا ژنێکی عەرەبی خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات.

ڕۆژنامەکە لە زاری ئەو ژنەوە ڕایگەیاندووە، پێشتر ئەو دەرگایە بۆ ماوەیەکی زۆر بەڕووی کۆمەڵگەی عەرەبیدا داخرابوو، بەڵام ئیستا کاتی کردنەوەیەتی بۆ ئەوەی عەرەبەکانی ئیسرائیل بەشدار بکەن لە کاری سیاسیدا، بۆ ئەوەی بگەنە پێگە کاریگەرەکان و دروستکردنی بڕیار.

ئیلهام خازن کە دانیشتووی شارۆچکەی "بەعنە"ی ناوچەی جەلیلی باکوری ئیسرائیلە وتوویەتی "دەمەوێت نوێنەرایەتی هەموو گەلی ئیسرائیل بکەم، بۆ هەموو لایەنەکان و پێکەوە ژیان زیاتر بچەسپێنم".

ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی ڕئوفین ڕیفلین سەرۆکی ئێستای ئیسرائیل لە مانگی حەوتی ساڵی ٢٠٢١ کۆتایی دێت.

کنێستی ئیسرائیل (پەرلەمان) دەسەڵاتی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەیە و ماوەی سەرۆکایەتی لە ئیسرائیل ٧ ساڵە.

ئیلهام خازن  خاوەنی زنجیرە دەرمانخانەکانی باکوری ئیسرائیل و دوو سەنتەری تەندروستی لە شاری سخنین، خاوەنی پینج منداڵە.



ڕیکلام