لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی: هەڵمەتی دەستگیركردن بەردەوامی دەبێت

  2020-12-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی رایگەیاند هەڵمەتی دەستگیركردن بەردەوامی دەبێت بۆ هەموو ئەوانەی كە پێشێلی یاسا دەكەن و ڕۆڵیان هەیە لەبەردەوامیدان بەخۆپیشاندانەكان.


لە راگەیەندراوێكدا لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی رایگەیاند "تێكدانی بارودۆخی ئەمنی بەگشتی و بەتایبەت شاری سلێمانی خۆشەویست هێڵی سورە،هەروەك ڕاگرتنی جوڵەی ژیانی خەڵك و بەردەوامی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت باجێكی قورس و سزایەكی توندی یاسایی هەیە". 

لیژنەكە ئەوەشی راگەیاندووە: هەڵمەتی دەستگیركردن بەردەوامی دەبێت بۆ هەموو ئەوانەی كە پێشێلی یاسا دەكەن و ڕۆڵیان هەیە لەبەردەوامیدان بەخۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەكان. 

دەشڵێت هێزە ئەمنیەكان رێنمایی نوێیان پێدراوە بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و هۆشداریش دەداتە راگەیاندنەكان و دەڵێت بە گوێرەی رێكاری یاسایی و كارگێڕی مامەڵە لەگەڵ ئەو میدیایانە دەكرێت كە پابەندی یاسا نابن. 

دەقی راگەیەندراوەكە: 

ڕاگەیاندراوێك لە لیژنەی باڵای ئەمنی لە سلێمانی

سەرباری ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەكان لە ڕاگەیاندراوی ڕۆژی 9/12/2020 وە جێگەی نیگەرانیمانە ، هەندێك كەس و لایەن بۆ مەرامی كەسێتی و ئەجندا جیاجیا كانیان و خەونی بوون بە پاڵەوان و كێبڕكێ كردن بۆ خاوەن دارێتی شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان لەسەر حیسابی ژیانی خەڵك، هەروەها بەلاڕێدا بردنی داوای ڕەوای مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەڕێزی پشوو درێژ، لەئەنجامدا هەموویان یەكیان گرت بۆ تێكدانی بارودۆخی ئارامی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و بەشێك لە قەزاو ناحیەكانی تر لە ئیدارە سەربەخۆكان:

لیژنەی باڵای ئەمنی لە سلێمانی بڕیاریدا بە:-

1. لیژنەی باڵا دووپاتی دەكاتەوە تێكدانی بارودۆخی ئەمنی بەگشتی و بەتایبەت شاری سلێمانی خۆشەویست هێڵی سورە،هەروەك ڕاگرتنی جوڵەی ژیانی خەڵك و بەردەوامی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت باجێكی قورس و سزایەكی توندی یاسایی هەیە.
2. هێزە ئەمنییەكان پلان و ڕێكاری نوێ و ڕێنمایی نوێیان پێدراوە كە بەزووترین كات ئارامی بگەڕێننەوە .
3. هەڵمەتی دەستگیركردن بەردەوامی دەبێت بۆ هەموو ئەوانەی كە پێشهێلی یاسا دەكەن و ڕۆڵیان هەیە لەبەردەوامیدان بەخۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەكان وە ئەوانەی زیان دەگەیەنن بە موڵكی گشتی .
٤. پێویستە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن پابەند بن بە یاسا بەركارەكان و خۆیان بپارێزن لە ئاڵۆزكردنی و شێواندنی بارو دۆخەكە و لە ڕوماڵەكانیاندا بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن، بە پێچەوانەوە رووبەرووی سزای یاسایی و كارگێڕی توند دەبنەوە.

ڕاگەیانراوی لیژنەی باڵای ئەمنی لە سلێمانی


ڕیکلام