ڕوحوڵا زەم لە بەغداوە بۆ پەتی سێدارە

  2020-12-12  | 
ڕوحوڵا زەم لەبەردەم داگای ئێراندا
فۆتۆ : ئەرشیف
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەغدا دوا وێستگەی ڕوحوڵا زەم نەیاری ئێران بووە، بەر لەوەی لەوێ بێسەروشوێن ببێت و دواتر لە ناکاو لە تاران سەریهەڵبدات، دوای ئەوە دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند لە ئەیلولی ٢٠١٩دا دەستگیریانکردووە.

زەم کە ئەمڕۆ لە سێدارە درا، لە لایەن تارانەوە تاوانبار کرا بە "دژایەتیکردنی شۆڕش" و دەستێکەڵکردنی لە شەپۆلە ناڕەزایەتییەکان لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران لە زستانی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨، ئەو کاتەی بە چاو و دەستبەستراوی دەرکەوت، سوپای پاسداران ڕایگەیاند، بۆ دەستگیرکردنی هەوڵێکی هەواڵگری ئاڵۆز بەکارهاتووە.

زەم کوڕی یەکێک لە پیاوە ئایینە شیعە ڕیفرۆمخوازەکانە بووە و سەرۆکایەتی کەناڵی (ئامەد نیوز)ی کردووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیلیگرام، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەیریان دەکرد، بەر لەوەی لە لایەن ئێرانەوە تۆمەتبار بکرێت بە هاندانی توندوتیژی لە کاتی خۆپیشاتدانەکاندا.

سوپای پاسداران ئاماژەی نەکردووە بە شوێن و بەرواری دەستگیر کردنی، بەڵام نەیارانی ئیران دەڵێن لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیر کراوە، دوای ئەوەی لە ئوردونەوە هاتووەتە عێراقەوە.

ماڵپەری حورە لە زاری حەسەن ڕازی ئەحوازی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی سەنتەری ئەحواز بۆ توێژینەوەی ستراتیژی ڕایگەیاندووە، دوای دەستگیرکردنی زەم لە لایەن دەزگای هەواڵگری ئێرانەوە کاری لەسەرکراوە و هەڵخەڵەتێنراوە وپێیان وتووە، گوایە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دەیەوێت چاوی پێی بکەوێت.

ئەحوازی ئاماژەی بەوەشکردووە،  دڵنیایی دراوە بە زەم کە بەشێوەیەکی نهێنی چاوی بە سیستانی دەکەوێت  لە ماڵەکەی خۆی لە نەجەف، بەو پێیەی ڕۆژنامەنووسێکی دیارە و بابەتی زۆر هەستیار و گەورە لە ناوخۆیی دەسەڵاتی ئێرانەوە بڵاو دەکاتەوە.

زەم کوڕی محەمەد زەم کەسایەتی شیعەی ڕێفۆرمخوازە، پێشتر و لە سەرەتای ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا پۆستێکی حکومی بە دەستەوە بووە، ئەوەش وایکردووە زەم ببێتە خاوەنی تۆڕێکی گەورەی پەیوەندی لەگەڵ سیاسییە ئێرانییەکانی ئیستا و پێشتر، کە هاوکار بوون بۆ دزەپێکردنی هەندێک گەندەڵی لەسەر سیستمی دەسەڵات لە ئێراندا.

ئەهوازی دەڵێت "زەم لە فەڕەنساوە بە گەشتی فڕۆکە بەڕێکەوتووە و کەمێک لە عەممانی پیاتەختی ئوردن وەستاوە، دوای گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی بەغدا، دەبینێت چەند ئەندامێکی دەزگای هەواڵگری ئێران لە چاوەڕوانیدان، بۆ ئەوەی دەستگیر بکەن و چاو و دەستی ببەستنەوە و بیخەنە ناو ئوتۆمبێلێک و بەشێوەیەکی نهێنی بیگوازنەوە بۆ تاران".

لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا سەرچاوەیەکی بەرپرس لە نوسینگەی سیستانییەوە رەتیکردەوە هیچ دیدارێک لە نێوان ئەو چالاکوانە ئێرانییەدا ڕوویدابێت.

ماڵپەڕی "شەفەقنا" لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، ڕوحوڵا زەم بە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەگەڵ نوسینگەی سیستانیدا نەبووە، بە هیچ شێوەیەکیش کەس داوای دیداری نەکردووە ، هیچ زانیارییەکیشیان نییە لەوەی کە زەم سەردانی عێراقی کردووە یان نا.

بەڵام ئەحوازی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدایە، دەزگای هەواڵگری ئێران بە ناوی نوسینگەی سیستانییەوە داوایەکی ئاراستەی زەم کردووە، کە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لەناو عێراقدا پەیوەندییان پێوە کردووە، دواتریش لەڕێگەی ئیمەیڵێکی ساختەوە پەیوەندیی پێوە کراوە، کە هەمان ناونیشانی نوسینگەی سیستانی هەبووە.

بەر لەوەی دەستگیر بکرێت زەم چەند ساڵێک بووە لە فەڕەنسا نیشتەجێ بووە بە ناونیشانی پەنابەر.

زەم لە ساڵی ٢٠٠٩ دوای دەستگیرکردن و ئازادبوونی لە ئێران هەڵاتووە، کە بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێکی بزوتنەوەی سەوزدا بەشداری کردبوو، دوای ئەوەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئیران بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی سەرکەوتووە.

ماڵپەڕی ئامەد نیوز ئەو کات، باسی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ساتی دەستپێکردن و کۆکردنەوەی خەڵک لە ساڵی ٢٠١٧دا کردووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو کەسانەدا ئەنجامداوە، کە باسیان لە دەسەڵاتی شیعەکان دەکرد.

لەسەر داوای ئێران ماڵپەڕی تلیگرام هەژمارەکەی زەمی داخست، دوای ئەوەی زانیاری بڵاوکردبۆوە لەسەر چۆنێتی دروستکردنی بۆمب لە بەنزین، دواتر کەناڵەکە لەژێر ناوی جیاوازدا کرایەوە  زەم ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە گوایە بەهاوکاری دەزگای هەواڵگری بیانی خەڵکی هانداوە بۆ توندوتیژی.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، ئەگەر دەرکەوت دادگای باڵای ئێران سزای لە سێدارەدانی سەپاندووە بەسەر زەم، کە ئەو وەک ڕۆژنامەنووس و ئۆپۆزسیۆن ناویبردووە، ئەوا دەبێتە زیادبوونێکی شۆکهێنەر لە بواری بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک هۆکارێک بۆ سەرکوتکردن لەلایەن ئێرانەوە.

لە لایەکی ترەوە ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور کە تۆمەتی فڕاندنی زەمیان خستووە پاڵ ئێران ڕایگەیاند، هەواڵکە ئەوانی تۆشی شۆککردووە، کە دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کردووە.

حەسەن ڕازی ئەحوازی پێی وایە، پەلەکردنی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان بەسەر "زەم" دا، هەوڵێکە بۆ پێش گەیشتنی جۆ بایدن بە کۆشکی سپی.

ئەحوازی لەوبارەیەوە وتی "جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان دوای چوار ڕۆژ لە پشتیوانی دادگای باڵای ئێران لە سزای لە سێدارەدانەکە، پەیامێکی ئاشکرایە کە تاران خواستی هەیە لاپەڕەیەکی نوێ لە گەڵ واشنتۆندا بکاتەوە، دوای ئەوەی مانگی داهاتوو لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێرانییەکان توانای هیچ پەرچە کردارێکیان نییە دوای هاتنی بایدان، بۆیە پەلەیانکردووە لە سێدارەدانی روحوڵا زەم، بۆ ئەوەی خۆیانی لێ ڕزگار بکەن، تەنانەت بۆ ئەوەی نەکرێتە کارتێکی فشار لەلایەن ئیدارەی نوێی ئەمریکاوە.



ڕیکلام