بەرهەم ساڵح: عێراق هەنگاوی خێرا دەنێت بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی وزەی نوێ

  2020-12-12  | 
بەغدا
بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی هەنگاوی خێرا دەنێت بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی وزەی نوێ و خستنەگەڕی میکانیزمی تەندروست بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکاری کەشوهەوا.

ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٠/١٢/١٢ د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانی وتارێکدا لە کۆنگرەی لوتکەی کەشوھەوای جیھانیدا رایگەیاند، "مایەی شانازیمە رایبگەیەنم كە پەرلەمانی عێراق لە ٢٠٢٠/٩/٢٢ پڕۆژە یاسای چوونەپاڵ رێككەوتننامەی پاریسی بۆ كەشوهەوا-ی پەسەندكرد".

وتیشی، ئەم هەنگاوە گەورەیە بووە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لە پشتبەستن بە ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەی ئابووری و پاڵپشتیكردنی بەرهەمهێنانی وزەی نوێ و خستنەگەڕی میكانیزمی تەندروست .

سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاند، لە پێناو بەدەنگەوەهاتنی خێرای هەنگاوەكانی په‌سه‌ندکردنی رێككەوتننامەی پاریس بۆ كەشوهەوا، عێراق دەستیكردووە بە نووسینەوەی بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكان (NDC ) كە گوزارشتە لە نەخشەرێگای هەرە باڵای وڵات لە كاركردن لە بواری گۆرانكارییەكانی كەشوهەوادا، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە بنەمایەكی پتەو بۆ دامەزراندنی پایە بنەڕەتییەكانی ئابوورییەكی ژینگەپارێز بۆ ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٣٠.

بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی راگەیاندنی رێككەوتننامەی پاریس بۆ كەشوهەوا، کۆنگرەی لوتکەی کەشوھەوای جیهانی لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ھاوکاری بەریتانیا و فەرەنسا بەشێوەی ڤیدیۆکۆنفڕانس بەڕێوەدەچێت کە تیایدا نزیکەی ٧٠ سەرۆک و سەرکردەی جیھانی بەشدارن.

دەقی وتارەکەی بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق:

بەڕێز سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان

خوشك و برایانی بەڕێز

بە ناوی كۆماری عێراقەوە، جوانترین و گەرمترین سڵاو و رێزتان ئاڕاستە دەکەم، سوپاسی بەڕێز سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان و شانشینی یەكگرتوی بەریتانیا و فەرەنسا و شیلی و ئیتاڵیا دەكەم، بۆ بانگهێشتكردنی عێراق بۆ بەشداریكردن لە کۆنگرەی لوتکە سەبارەت بە گەشوھەوا .

سه‌‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ سەخته‌ی که‌ عێراق به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ له‌ جەنگ و ململانێكان و بونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی گیرۆدەی زۆرترین لێكەوتە خراپەكانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بێت، بە رادەیەك بونه‌ته‌ ئاستەنگ له‌بەردەم پەرەپێدانی ئابوری و پیشەسازی و تەكنەلۆجیا لە وڵاتەكەماندا .

به‌ڵام مایەی شانازیمە رایبگەیەنم كە پەرلەمانی عێراق لە 22/09/2020 پڕۆژە یاسای چونەپاڵ رێككەوتننامەی پاریسی بۆ كەشوهەوا-ی پەسەندكرد، ئەم هەنگاوە گەورەیە بوە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لە پشتبەستن بە ھەمە جۆرکردنی سەرچاوەی ئابوری و پاڵپشتیكردنی بەرهەمهێنانی وزەی نوێ و خستنەگەڕی میكانیزمی تەندروست .

بۆیە زۆر گرنگە لە پرۆسەی پەرەپێدانی ئابوری و پاراستنی كەشوهەودا، پاڵپشتییەكی تەواو لە وەبەرهێنان لە كەرتی تایبەتدا بكرێت، هەروەها بایەخێكی تەواویش بدرێت بە پەرەپێدانی توانای گەنجان و پشتیوانیکردنی ژنان .

لە پێناو بەدەنگەوەهاتنی خێرای هەنگاوەكانی په‌سه‌ندکردنی ئەو رێككەوتننامەیە، عێراق دەستیكرد بە نوسینەوەی بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكان (NDC) كە گوزارشتە لە نەخشە رێگای هەرە باڵای وڵات لە كاركردن لە بواری گۆرانكارییەكانی كەشوهەوادا، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە بنەمایەكی پتەو بۆ دامەزراندنی پایە بنەڕەتییەكانی ئابورییەكی ژینگەپارێز بۆ ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٣٠ .

لە كۆتایدا هیواخوازم لە كار و ئەركە مرۆییەكانتان سەركەوتوبن، ئومێدەوارم نەخشە رێگای كۆبونەوەكانی ئەم لوتكەیە بگەنە ئه‌نجام، بەو هیوایەی كاری پێكەوەیی دەوڵەتانی جیهان لە بواری ژینگەپارێزیدا بەردەوام بێت، هەوڵ و كۆششەكان بۆ كەمكردنەوەی رێژەی گازە ژەهراوییەكان لە هەوادا سەركەوتوبن، پرۆسەی پشتیوانی دارایی نێودەوڵەتیش لە بواری ژینگەپارێزیدا دادپەروەری و شەفاف بێت.



ڕیکلام