دوو دەوڵەتی دیکەی عەرەبی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە

  2020-12-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوای ئیمارات و بەحرەین و سودان و مەغریب، دوو دەوڵەتی دیکەی عەرەبی لە ڕێگەدان بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکەنەوە.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بڕوایەک لای خاوەن بڕیاربەدەستانی ئیسرائیل دروستبووە، دوای مەغریب سوڵتان نشینی عومان  دەوڵەتی داهاتووی عەرەبی دەبێت، کە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە، پێشیان وایە سعودیەش بەر لە ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات لە کۆشکی سپی دەچێتە پاڵیان و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە.

دەستەکە لە زاری ناوەندە سیاسییەکانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، سەرباری ناڕەزایی و نیگەرانی سعودیە لە دزەکردنی دیدارەکەی نێوان محەمەد سەلمان جێنشینی سعودیە و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە سێ هەفتە لەمەوبەر لە شاری "نەیوم"ی باکوری خۆرهەڵاتی سعودیە بەڕێوەچووە، سعودییەکان خواستی ئەوەیان هەیە وڵاتانی دیکە پێشییان بکەون بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، تا دواتر خۆیان بچنە پاڵ ئەو وڵاتانە و پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا لێپرسراوێکی باڵای ئیسرائیل لە قودس ڕایگەیاند، پەیوەندیان بە چەند دەوڵەتێکی دیکەی ئیسلامییەوە کردووە، کە خواستیان هەیە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، لە پێش هەموویانەوە پاکستان و ئیندۆنیزیا و نەیجەر و مالی و جیبۆتی و مۆریتانیا برۆنای و بانگلادش و کۆماری ماڵدیف و جزورولقەمەر.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو رایگەیاند، مەغریب و ئیسرائیل گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی مێژوویی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوانیان، لەچوارچێوەی پرۆژەی ئاشتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەگەڵ دانپێدانی واشنتۆن بە سەروەری مەغریب بەسەر ناوچەی بیابانی خۆرئاوا، کە بووەتە جێگەی ناکۆکی نێوان حکومەتی مەغریب و بەرەی پۆلیساریۆ.

   



ڕیکلام