لەسەر دۆسیەی ڕوحولا زەم ئێران باڵیۆزی ئەڵمانیای بانگهێشت کرد

  2020-12-13  | 
باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە تاران
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشتی باڵیۆزی ئەڵمانیای کرد لە تاران، وەک ناڕەزاییەک لە دژی ئەو بەیاننامەیەی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە لە سێدارەدانی ڕوحولا زەم ڕۆژنامەنووسی نەیاری ئێران.

لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا شۆکبوونی خۆی ڕاگەیاند، سەبارەت بەو دۆخەی کە سزای لەسێدارەدانی تیا سەپێنراوە بەسەر ڕوحولا زەم، بە تایبەت کە لە دەرەوەی ئێران دەستگیر کراوە و بە زۆر و بە ڕێگەی وشکانیدا گوێزراوەتەوە بۆ ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا سەرخۆشی خۆی ئاراستەی خێزان و کەسوکار و هاوڕێیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لەسێدارە دراوە کردووە، جەختیشیکردووەتەوە لە جێگری هەڵویستی ئەڵمانیا لە بەرامبەر لە سێدارەدانی ئەو ڕۆژنامەنووسە و ڕایگەیاندووە، لە سێدارەدانەکە سزایەکی توند و نامرۆڤانەیە و ڕەتکراوەیە لە هەر دۆخێکدا بێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە، ڕێز لە ماف ی هاوڵاتییەکانی بگرێت لە ئازادی ڕادەربڕیندا و سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئازاد بکات و چیتر بڕیاری لە سێدارەدانی نوێ جێبەجێ نەکات.

دادگای ئێران سزای لە سێدارەدانی بۆ روحولا زەم دەرکردبوو، بەهۆی ڕوماڵکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆیی ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨، بە تۆمەتی ئەنجامدانی چالاکی دژی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و دەستێکەڵکردن لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی فەڕەنسا و ئەمریکا و ئیسرائیل.

دادگای باڵای ئێران ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو پشتیوانی خۆی بۆ بڕیاری لە سێدارەدانی زەم دەربڕی و لە سێدارە درا.



ڕیکلام