کەرتی باکوری حەشدی شەعبی لەسەر حەشدی کوردی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

  2020-12-13  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەستەی حەشدی شەعبی کەرتی باکور، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە دروستکردنی حەشدی شەعبی کوردی دەکەن لە کەرکوک.

 ئەبورەزا نەجار فەرماندەی میحوەری باکوری حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دوێنێ لە چەند ئاژانس و سەرچاوەی هەواڵدا هەواڵی دروستکردنی حەشدی شەعبی کوردی بڵاوکرایەوە و چاوپێکەوتنیش کرا لەگەڵ هەندێک کە گوایە چوونەتە ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە بەناوی حەشدی شەعبی کوردی، وەک فەرماندەیی کەرتی باکور ڕایدەگەیەنین کە هیچ نییەت و ڕەزامەندییەکی دەمی و نوسراو نییە لەو بوارەدا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، حەشدی شەعبی لە کەرکوک بۆ پارێزگاریکردنی هەموو هاوڵاتیانە بێ جیاوازی.

نەجار ئاماژەی بەوەشکردووە، داوا لە میدیاکان دەکات هەواڵ لەسەرچاوە بنەڕەتییەکانەوە وەربگرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، پاش بەدواداچوونیان بۆ دروستبوونی هێزێكی ‌‌چەكداری كورد لە پارێزگای كەركوك كە سەر بە حەشدی شەعبی بێت، دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە، هیچ هێزێكی سەر بە ئەوان بۆ كوردستانیان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست ناكرێت و ئاگاداری دروستبوونی هێزێکی لەو شێوەیە نین.

دوێنی ئەبو عیماد ئۆغڵۆ فەرماندەی حەشدی شەعبی لە کەرکوک ڕایگەیاند، دروستکردنی حەشدی شەعبی کوردی، وەک پێکهاتەکانی دیکە دواکەوت، بەڵکو دەبوایە پێشتر دروست بکرایە، بەڵام ئێستا کاری لەسەر دەکەن و لە چەند ڕۆژی داهاتودا دابەشدەکرێت لەپاڵ هێزەکانی دیکەدا .

ئەبو عیماد ئۆغلۆ ڕوونیکردەوە، ئەم فەوجە بۆ برا کوردەکان پێکهێنراوە، بەم نزیکانەش بە درێژایی سنور لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکە دابەش دەکرێت بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی ناوچەکە.



ڕیکلام