هاوڵاتیەكی بەریتانی لە ئێران سزای هەشت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

  2020-12-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئێران كەسایەتیەكی كوردی هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بە هەشت ساڵ زیندانی كردن سزادا و دەشڵێت هۆكارەكەی ئەوە بووە زانیاری داوەتە باڵوێزخانە ئەوروپیەكان.

كامیل ئەحمەدی، خەڵكی ئێرانە و هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیە دادگای ئێران ماوەی هەشت ساڵ زیندانی كردنی بەسەردا سەپاندووە لەگەڵ غرامەی زیاتر لە 700 هەزار دۆلار. 

میدیاكانی سەر بە حكومەتی ئێران بڵاویان كردەوە ئەو كەسە هاوكاری باڵیۆزخانە و میدیا بیانیەكانی كردووە، راپۆرتی ناڕاستی پێداون و پارەی رێكخراوەكانی بۆ كاری تایبەتی خۆی بەكارهێناوە كە ئەوەش تۆمەتباری كردووە بە گەندەڵی.

پێشتریش لە كاتی دەستبەسەركردنیدا غوڵام حسێن ئیسماعیلی، وتەبێژی دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو بە بیانوی كاری رۆژنامەوانیەوە دووجار سەردانی ئیسرائیلی كردووە. 
 
 دادگا مافی ئەوەی داوەتە تۆمەتبارەكە لە ماوەی 20 رۆژدا تانە لە بڕیاری دادگا بدات ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری دۆسیەكە رایگەیاند: ئەو كۆمەڵناسە لەلایەن دادگای ئینقیلابی تاران بەتۆمەتی هاوكاریكردنی باڵیۆزخانەی بەشێك لە وڵاتە ئەوروپییەكان دەستگیركراوە، ئێمەش داوای تێهەڵچونەوەمان كردووە. 

لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو ئەحمەدی بە گومانی دەست تێكەڵكردنی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكان دەستگیر كرا و  دواتر لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ بە كەفالەت ئازادكرا.

ئەو توێژەرە كوردە كە خەڵكی نەغەدەی رۆژهەڵاتی كوردستانە لە ساڵی رابردوو لە ناو ماڵەكەی خۆی دەستگیركرابوو، دوای 100 رۆژ لە مانەوەی لە زینداندا بە كەفالەتی 100 ملیۆن تمەن ئازادكرابوو. 

سزای ئەو توێژەرە كوردە لەلایەن لقی 15 ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بەتۆمەتی (هاوكاری وڵاتێكی نەیار) دەركراوە و خۆشی لە بارەی سزاكەیەوە دەڵێت: ئامانجی ئەم حوكمە ڕێگریكردنە لە پەیوەندی من لەگەڵ كۆمەڵگا بە مەبەستی ڕاگیرانی توێژینەوەكانم لە بارەی كەمینەكانەوە.


ڕیکلام