دیارترین ئەو دۆسیانەی کازمی لە سەردانەکەی بۆ ئەنکەرە تاوتوێیان دەکات

  2020-12-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەسەن جەنابی باڵیۆزی عێراق لە ئەنکەرە جەختیکردەوە، ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا دەکات و دیارترین دۆسیەش ئاسایشی سنور و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دەبێت.

ماڵپەڕی حورە لە زاری جەنابییەوە بڵاویکردەوە، پارەی بلۆککراوی عێراق هەیە لە تورکیا و پێویستە قسەی لەسەر بکرێت، هەروەها گفتوگۆ کردن سەبارەت بە دۆزینەوەی هەلی وەبەرهێنان و ڕوبەڕوبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، گفتوگۆکردن سەبارەت بە مانەوە و ڤیزا بۆ ئەو عێراقیانەی دەیانەوێت سەردانی تورکیا بکەن.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، لە دیارترین ئەو دۆسیانەی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ  لێپرسراوانی تورکیا تاوتوێیان دەکات، گفتوگۆکردنە لەسەر دزەکردنی سنور و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا، هەروەها بەهێزکردنی هاریکاری لە بواری وزە، ئاو و چالاککردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کە لە ئێستادا بە ١٥ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

سەردانەکەی کازمی هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک هاوڵاتیان سکاڵایانە لە خراپی دۆخی گوزەران، کە بەهۆی تەشەنەکردنی گەندەڵی و تاکڕەوی لە دەسەڵاتدا هاتووەتە ئاڕاوە.

حوڕە لە زاری عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆکەوە بڵاویکردەوە، پێویستە لەسەر تورکیا و پەکەکە لە دەرەوەی خاکی هەرێم کێشەکانیان یەکلایی بکەنەوە.

چاوەڕواندەکرێت دیارترین پرسیاری شاندنی عێراق لە ئەنکەرە ئەوە بێت تورکیا چی لە عێراق دەوێت، ئایا عێراق هیچ بەرژەوەندییەکی هەیە لەم سەردانەدا.

لەو بارەیەوە ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووی نەینەوا بە حوڕەی ڕاگەیاندووە، دیارترین دۆسیە کە ئێستا تورکیا سەرقاڵکردووە، پارتی کرێکاری کوردستان (پەکەکە)یە ، چونکە بە هەرە کارە لە پێشینەکانی خۆی دەزانێت، پێشی وایە لە پێش هەموو دۆسیە ئابوری و سیاسییەکانەوەیە، بە تایبەت  کە خەریکە هەژموونی لە هەرێمی کوردساندا زیاد دەکات.

نوجەیفی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی تورکیا داوای دەکات لە عێراق، مۆڵەتپێدانیەتی بۆ ئەوەی بێتە ناو بواری ئاسمانی وڵاتەکەیەوە، بەڵام دەیەوێت دەسکەوتێکی ڕاستەقینەش بەدەست بهێنێت، ئەویش نەهێشتنەوەی پەکەکەیە لە قەزای شنگال بە پلەی یەکەم، پاشان مامەڵە کردن لەگەڵ پەکەکە و بوونی لەناوخۆیی عێراقدا سنوردار بکرێت.

ئەسیل نوجەیفی ئاشکرایکردووە، ئەنکەرە داوا لە عێراق دەکات، پەنا ببات بۆ سوپاکەی و ئەویش هاوکاریی دەکات، بۆ ئەوەی بوونی پەکەکە لە خاکی عێراقدا کۆتایی پێ بهێنن، هەروەها شەرعیەتی بداتێ کە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا کۆتایی بەو حزبە بهێنن لە ناوخۆیی هەرێمی کوردستاندا.

ئەیاد عەناز توێژەر و شیکەرەوەی سیاسی  بە ماڵپەڕی حورەی وتووە، حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک هەوڵی نەداوە بۆ ئەوەی سیاسەتێکی دەرەوەیی هاوسەنگی هەبێت لەگەڵ سەرجەم دەوڵەتاندا، بە تایبەت دەوڵەتانی هاوسێی، بۆیە پێویستە دەستبەرداری نا ئەو هاوسەنگییەی سیاسەتی دەرەوەی بێت و بزانێت کە زیان بە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی گەلی عێراق دەگەیەنێت.

عەناز جەختیکردووەتەوە، عێراق پێویستی بە پەیوەندییەکی ڕوون و وردبین هەیە، ئەوە سەرباری بوونی هاوسەنگی ستراتیژی، بە تایبەت کە ئەنکەرە لە هەوڵی ئەوەدایە دڵنیا بێت لە بەرژەوەندییەکانی لە عێراقدا، سەرباری لایەنی ئەمنی کە ئەنکەرە نیازی لێدانی پەکەکەی هەیە، جگە لەوەش خواستی زیادکردنی هاوردەی تورکیای هەیە بۆ عێراق و بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی لە ١٥ ملیارەوە بۆ ٢٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ئێراندا لە عێراق هاوسەنگی بکاتەوە.

ئەو توێژەرە سیاسیە ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵات پێویستی بە دڵنایی دانە لە بەشە ئاوی خۆی بەوشێوەیەی کە لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و سیستمە پەیرەوکراوەکاندا هاتووە، بۆیە پێویستە لەسەر کازمی دڵنیایی بدات لە دابینکردنی بەشە ئاوی خۆی بۆ گەلی عێراق، بەشێوەیەک ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی یەکتر بنیات دەنرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لەسەر ئاستی مەیدانیش باس لە دۆسیەی پەکەکە و بوونی هێزی سەربازیی تورکیا بکرێت لەناو خاکی عێراقدا، بە تایبەت هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا، کە بەشێوەیەکی نیمچە ڕۆژانە دەکرێتە سەر ناوچە ئاوەدانی هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە پارە بلۆککراوەکانی عێراقیش لە تورکیا، عەناز ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو پارانە هی هەناردەکردنی نەوتە بەناو خاکی تورکیادا بۆ بەندەری جەیهانی ئەو وڵاتە، ئەوەش دیارە پێویستی بە دۆزینەوەی ڕێککەوتنێک هەیە، کە ئەنکەرە پشتگیری بکات و کاراشی بکات، لەپێناو وەدیهێنانی بەرژەوەندی ئابوری هاوبەش بەشێوەیەک کە خزمەت بە گەلی هەردوو وڵات بکات.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو شیکەرەوە سیاسییە جەختیکردووەتەوە لەوەی، پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق چارەسەری بابەتی ڤیزا بۆ چوونی هاوڵاتیانی عێراق بکات، ئالیەت و شێوازی وا دابڕێژرێت کە هاوکار بێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ئەو بوارە لە بابەتی داونەخستنی ڤیزا، کە بە بەشێکی گرنگی دڵنیایی دان بۆ پەیوەندی نێوان هەردوو گەلی عێراق و تورکیا دادەنرێت.



ڕیکلام