توركیا لەبارەی سزاكانی ئەمریكا نیگەرانی خۆی راگەیاند

  2020-12-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمریكا بەهۆی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس-400 ی ڕووسی بڕیاریدا سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت و مافی وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکای لە چەند كەسایەتیەكی وڵاتەكە قەدەغە كرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سزاكانی دژی توركیا راگەیاند كە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا واژۆی كردووە، ڕایگەیاند، ئەمریكا چەندین جار بە توركیای وتووە، كێشەكانی بەكارهێنانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی دروستكراوی ڕووسیا رابگرێت و بە هاوكاری ئەمریكا چارەسەری گونجاو بدۆزێتەوە، بەڵام ئەنقەرە ئێستا ئێس-400ی كڕیوە و تاقیكردەوە، بۆیە بڕیاردرا توركیا لە بەرنامەی فرۆشتنی فرۆكەی ئێف 35 دووربخرێتەوە. 

پۆمپیۆ راشیگەیاندووە جوڵەی بازرگانی لەگەڵ كەرتی بەرگری و هەواڵگریی ڕووسیادا قبوڵ ناكرێت و بەوهۆیەشەوە سەرۆكایەتی پیشەسازی بەرگری (SSB) تورکیا ناتوانێت مۆڵەتی هەناردەكردن لە ئەمەریكا وەربگرێت و قەرز لە دەزگا داراییە ئەمەریكایی و نێودەوڵەتییەكان وەربگرێت. 

هەر لە سزاكانی ئەمریكادا سەرۆكی پیشەسازی بەرگری تورکیا و جێگرەكەی وچەند كەسێكی دیكە لە بەشی بەرگری ئاسمانی لە لیستی سزاكاندا دانراون، كە مافی پێدانی ڤیزایان نابێت و پارەكانیان لە بانكەكانی ئەمریكا بلۆك دەكرێت. 

كۆنگرێسی ئەمریكا لەماوەی رابردوو یاسای ڕێپێدانی بەرگریی نیشتیمانی (NDAA) پرۆژە یاسای (NDAA) پەسەند كرد، كە بەو شێوەیە بڕیاری سزاكانی دژ بە توركیا دەرچووە. بەڵام دۆناڵد ترمپ دژی ئەو سزایانە وەستایەوە و رایگەیاند مافی ڤیتۆ لەوبارەیەوە بەکاردەهێنێت بەڵام دوای دەرچونی بڕیارەکە هیچ کاردانەوەیەکی بەرچاوی دەرنەبڕیوە.

توركیا لەبەرامبەر بڕیارەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: پێشنیارەكەی توركیا بۆ چارەسەركردنی كێشەكە لە ڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە قبوڵ نەكراوە و سزاكانیش یەكلایەنە سەپێندراوە.

ئەوەش وتراوە ، توركیا هەنگاوی پێویست لە دژی ئەو بڕیارە دەنێت، بە دڵنیاییەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەكانمان دەكات، ڕێكاری پێویست وڵاتەکەشمان بۆ مسۆگەركردنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بەردەوام دەبێت. 

هەر لەو بارەیەوە پاش بڕیارەكەی ئەمریكا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە ئاژانسی ئینتەرفاكسی ڕوسیای ڕاگەیاند، سزاكان ناشەرعین و خۆبەزلزانبوونی ئەمریكایان بەرامبەر یاسا نێودەوڵەتییەكان نیشاندا. 

هەر لەو بارەیەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایانگەیاند "نیگەرانم لەوەی رەوتی سزاكان لەدژی وڵاتەكەمان لە ئەمریكا و ئەوروپا زیادی كردووە". 

ئیسماعیل دەمیر، سەرۆكی پیشەسازی بەرگری سەرۆكایەتی توركیا، لەبارەی بڕیاری زیادكردنی بۆ لیستی سزاكانی ئەمریكا وتی "بە سەرۆكایەتی سەرۆكمان پابەندین بە ئامانجی خۆمان لە پیشەسازی بەرگری تەواو سەربەخۆ". 

 ئەو وتیشی: هەر بڕیارێك لە دەرەوە بۆ خۆم یان دەزگاكەمان دەربكرێت، هیچ لە هەڵوێستی من و تیمەكەم ناگۆڕێ؛ بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت بەربەست بخاتە بەر پیشەسازی بەرگری توركیا. 



ڕیکلام