بایدن چەند کاندیدێکی دیکەی کابینەکەی دیاریکرد

  2020-12-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جۆ بایدن کاندیدی هەڵبژێردراوی سەرۆکایەتی ئەمریکا چەند کاندیدێکی دیکەی بۆ پۆستە باڵاکان دەستنیشانکردوە.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای نزیک لە جۆ بایدن ڕایانگەیاندوە هەریەکە لە جینا مکارسی بەرپرسی پێشووی ئاژانسی پاراستنی ژینگە لە ئیدارەی ئۆباما بۆ پۆستی سەرپەرشتیاری ژینگە و ئاو و هەوا لە کۆشکی سپی کاندیدکردوە.

هەروەها لەنێو ئەو ناوانەی کە بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆی ئەمریکا ئاشکراکراون ناوی دێب هالەند نوێنەری ویلایەتی نیو مەکسیکۆ دێت و ئەگەری زۆرە بایدن کاندیدی بکات.

رۆیتەرز ڕاشیگەیاندوە جۆ بایدن پلانی هەیە جێنیفەر گرونهۆلم حاکمی پێشووی میشیگان وەک وەزیری وزە دیاریبکات.

بە گوێرەی هەواڵەکەی ڕۆیتەرز  بۆ وەزارەتی گواستنەوەش پیت بوتیگیگ دیاریکردوە کە پێشتر خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندیدکرد و هەرزوو کشایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە بایدن پلانی هەیە بۆ وەزارەتی بازرگانی چەند بەرپرسێکی باڵای پارتی کۆماری کاندیدبکات

ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی چواردەی ئەم مانگە بایدن بە فەرمی لەلایەن ئەنجومەنی هەڵبژاردنی ئەمریکاوە بە سەرۆکی 46 مین ویلایەتە یەکگرتووەکان پەسەندکرا.


ڕیکلام