وەزیری بەرگری ئیسرائیل: بە نهێنی سەردانی هەموو وڵاتانی عەرەبیم کردووە

  2020-12-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بینی گانتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاشکرایکرد، بە نهێنی سەردانی هەموو دەوڵەتانی عەرەبی کردووە، بەڵام بە نهێنی و لە چوارچێوەی ئەرکی سەربازییدا، هیواشی خواست بەشێوەیەکی ئاشکرا و فەرمی سەردانیان بکات.

لە لیدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت، گانتس داوای لە مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین و  سەرکردایەتی فەلەستین کرد، بچنە پاڵ کاروانی ئاشتی و لە ڕیزی دواوە نەمێننەوە، جەختیشیکردەوە فەلەستینییەکان شایەنی ئەوەن قەوارەیەکیان هەبێت و بەشێوەیەکی سەربەخۆ تیا بژین.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئاشتی لە ناوچەکەدا بێ فەلەستینییەکان ناتەواوە و ئیسرائیلیش دەیەوێت جیابێتەوە لە فەلەستینییەکان و دڵنیایی ئاسایشی وڵاتەکەیان دەوێت.

ڕوونیشیکردەوە، ئەگەر لەسەر بابەتە ئەمنییەکان ڕێکبکەون، ئەوە چارەسەری سیاسی بە ئاسانی بەرجەستە دەبێت، بەو پێیەش پێویستە لەسەریان نەک تەنها چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە، بەڵکو پەیوەندییەکی قوڵیان هەبێت لەبواری ئابوری و زانست و تەکنەلۆژیا و فێرکردن، دیارە ئەوەش هەلێکی مێژووییە.

دەربارەی شاری قودسیش وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختیکردەوە، دەبێت بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، بەڵام بەشی پایتەختی فەلەستینییەکانیشی تیا دەبێت، چونکە پڕە لە پیرۆزی بۆ هەموو لایەک، ئەوەشی وەبیرهێنانەوە ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ناگەڕێتەوە بۆ سنوری ساڵی ١٩٦٧.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتی "٣٨ ساڵە لەڕیزی سوپای ئیسرائیلدا جەنگاوەرە و بڕوام پێ بکەن، ژەنەڕاڵەکانی سوپا  کە جەنگ و ناڕەحەتییەکانی شەڕیان دیووە، زیاتر لە هەموو کەس ئاشتیان دەوێت، لەناو ئەوانەشدا من، کە زۆرترین هەوڵ دەدەم بۆ بەرقەراکردنی ئاشتی ".

دەربارەی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیش لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بیتی گانتس پێی وایە ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانێتییەکی بەهێز و هاوسەنگە، کە دەربڕینی خواستی ڕاستەقینەی هاوڵاتیانە، بە دڵنیایشەوە نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە تەوەرەیەکی ئێرانی هەیە هەڕەشە لە ئیسرائیل و سەرجەم وڵاتانی عەرەبی دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، با هیوای ئەوە بخوازین ئەو میحوەرەش سەیری دەرئەنجامی بای ئاشتی بکات کە هەڵیکردووە، ئەویش دەست بکات  بە گۆڕانکاری بە ئاراستەی ئاشتی، بەڵام ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنێت ئەوا ڕوبەڕوی چارەنوسێک دەبێتەوە کەس بە چاوەڕوانی نەکردبێت، ئەو میحوەرە لە ئێستادا ڕوبەڕوی کێشەی زۆر و زەوەندە بووەتەوە، سەیری سوریا بکەن چۆن دەژی، یان لوبنان عێراق یاخود لیبیا و یەمەن، ئەو میحوەرە کاولکاری دەکات، بەڵام ئەوان هەوڵی ئاشتی دەدەن، چونکە لە هەمووی لە گرنگتر ڕوبەڕوی میحوەری ئاشتی ببینەوە نەک هاوپەیمانی جەنگ.

 



ڕیکلام