ناوەرۆکی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەی کازمی و ئەردۆغان

  2020-12-17  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا کە لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامیدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق بۆ تورکیا گرنگە و کازمیش ڕاگەیاند، ڕێگە نادەن لە هیچ هێز و ڕێکخراوێک خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر هاوسێکانی.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا کە لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامیدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق بۆ تورکیا گرنگە و کازمیش ڕاگەیاند، ڕێگە نادەن لە هیچ هێز و ڕێکخراوێک خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر هاوسێکانی.

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراندنی وەزیرێکی تورکمان لە کابینەی حکومەتەکەی کازمی زۆر دڵخۆشکەر بووە و جەتیان کردووەتەوە لە پەرەپێدانی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرکانی نێوان عێراق و تورکیا، بۆ ئەوەی بگاتە ٢٠ ملیار دۆلار.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک کۆماری تورکیا ڕوونیکردەوە، هیرشی یەپەگە بۆ سەر سنوری عێراق ئەوەی پێ وتین کە تیرۆر چەند مەترسیدارە.

جەختیشیکردەوە، کارئاسانی بۆ عێراق دەکەن لە ڕووی ئاوەوە و هاوکارییان دەکەن و هیواداریشە لە سەردەمی کازمیدا گەشەی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق بدرێت و بەم نزیکانەش سەردانی عێراق دەکات.

لە بەرامبەریشدا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان کردووە لەگەڵ تورکیا و دەستوەرنەدان لە کاروباری هەردوو وڵات لەلایەن هەردوو لاوە.

جەختیشیکردەوە، لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیانکردووەتەوە لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئەو بابەتانەی کە جێی بایەخی هەردوولان بۆ ئەوەی یەک هەڵوێستی هاوبەشی لەبەرامبەر ڕابگەیەنن.

ئاشکرایشکرد، لەو ڕووەوە کاردەکەن لەسەر کاراکردنی ئەنجومەنی هاریکاری ستراتیژی لە نێوان عێراق و تورکیادا، عێراق وڵاتێکە دەیەوێت پەیوەندی هەبێت لەگەڵ هەموو هاوسێکانیدا، دەیەوێت پەیوەندییەکانی ئاسایی بێت لەسەر ڕێزگرتنی هاوبەش.

کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا و لابردنی هەموو بەربەست و رێگرییەکان لەبەردەم وەبەرهێنانی تورکیا لە عێراق، بە تایبەت کە عێراق و تورکیا لەسەرجەم بوارەکاندا پەیوەندیی لە مێژینەیان هەیە، کاریش دەکەن بۆ لابردنی هەموو بەربەست و ڕێگرییەکان لە پێناو گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانە.

باسی لەوەشکرد، تورکیا دەوڵەتێکی گرنگی ناوچەکەیە و یەکێکە لەو وڵاتە سەرەکییانەی کە پەیوەندیی ئابوری هاوبەشی هەیە لەگەڵ عێراقدا، کۆمپانیا تورکییەکان پشکی گرنگیان هەیە لە کاری وەبەرهێنان لە عێراقدا، بۆیە لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا پشتیان پێ دەبەستن، بۆیە دەرگاکانی عێراق کراوە دەبێت لەبەردەم کۆمپانیا تورکییەکاندا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارن بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەسەر دابەشکردنی ئاوو بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو نەرمییەکیان نواندووە بۆ ئەوەی بگەنە پلانێکی هاوبەشی کارکردن لەوبارەیەوە.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنیش، هەڵوێستی عێراقی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، دژی هەر کارێکن کە لە خاکی عێراقەوە بکریت  و ببێتە مایەی هەڕەشە بۆسەر تورکیا، ڕێگەش نادەن بە هیچ ڕێکخراوێک و گروپێکی دەرچوو لە یاسا خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردن و هەڕەشەکردن بۆ سەر هاوسێکانی، ئامادەی هەموو هاوکاریەکیشن لەگەڵ تورکیا لە دژی ئەو گروپانە، لەوچوارچێوەیەشدا هەنگاوی گرنگیان ناوە بە تایبەت لە ناوچەی شنگال و سنوری سوریا، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هاتنەوە ناوەی ئەو ڕێکخراوانە بۆ ناو خاکی عێراق، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ڕێگری لەو هەوڵە کراوە کە ویستراوە بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە



ڕیکلام