کازمی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ تورکیا هێنا و گەڕایەوە بەغدا

  2020-12-18  | 
بەغدا
مستەفا کازمی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ تورکیا هێنا و گەڕایەوە بەغدا
فۆتۆ: نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای ئەوەی بەسەردانێکی یەک رۆژە گەیشتە تورکیا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی گەڕایەوە بەغدا.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران کۆتایی بەسەردانەکەی بۆ تورکیا هێناوە و گەڕاوەتەوە خاکی وڵات.

پێشتر کازمی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاندبوو، عێراق كاردەكات بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا، بۆیە دەیانەوێت ئاستی هەماهەنگییە ئابوریی و بازرگانییەكانیان لەگەڵ ئەنقەرە بەرزتربكەنەوە و لەلایەنی ئەمنیشەوە رێگەنادەن لە خاكی عێراقەوە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی توركیا دروست ببێت.

ئاماژەی بەوەشكردبوو، دەرگای بەغدا كراوەیە بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان و لەسەر بنەمای هاوڕێیەتی و رێزگرتنی دولایەنە بەردەوامدەبن لە بەرەوپێشبردنی كەرتەكانی بازرگانی و ئابوری و ئەمنی.

پێش سەردانەکەشی بۆ تورکیا، نوسینگەی کازمی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، ، هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەنجام نادرێت هەتا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانەکەی بۆ تورکیا دەگەڕێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، زیاتر لە هەفتەیەکە شاندی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چووەتە بەغدا، بەئامانجی رێککەوتن لەسەر پرسی بودجە و مووچە و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجام داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک .



ڕیکلام