ئێران دەستیکردووە بە بنیاتنانی بنکەیەکی ئەتۆمیی نوێ لەژێر زەوی

  2020-12-18  | 
تاران
ئێران دەستیکردووە بە بنیاتنانی بنکەیەکی ئەتۆمیی نوێ لەژێر زەوی
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەپێی هەندێک وێنە کە لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە تۆمارکراون، کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیکردووە بە بنیاتنانی بنکەیەکی ئەتۆمی نوێ لەژێر زەوی.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتدپرێس چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە ئاشکرای دەکەن، حکومەتی ئێران سەرقاڵی بنیاتنانی بنەکەیەکی ئەتومیی نوێیە لە ژێر زەوەی و بنکەکەش لە وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ-یە لە شاری قۆم.

وێنەکان لە رێگەی مانگی دەستکردەوە تۆمارکراون و دەست ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتدپرێس کەوتوون.

ئاژانسەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەبارەت بەو هەوڵانەی ئێران پرسیاریان لە نوێنەری ئەو وڵاتە لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، بەڵام وەڵامی پرسیارەکەیان نەدراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، بنیاتنانی ئەم بنکە ژێرزەمینییە لە کۆتایی مانگی ٩ی ئەمساڵ دەستیپێکردووە و وێنەکانیش ئەوە پیشان دەدەن کە لە بەشی باکوری رۆژئاوای وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ، بینایەکی گەورە لەژێر زەوی دروست دەکرێت کە لەسەر دەیان پایە و ستون راگیراوە.

پێشتر بەرپرسانی ئێران، هەواڵی گواستنەوەی بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان-یان بۆ ژێر زەوی ئاشکراکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکیان دەربارەی ئەم هەوڵانەیان لە بنکەی ئەتومیی فۆردۆ نەداوە.

نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرایکرد، بەپێی ئەو وێنانەی کە لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە گیراون، حکومەتی ئێران لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز سەرقاڵی دروستکردنی بنکەیەکی ئەتۆمییە لەناو دڵی شاخێکدا.



ڕیکلام