عەبادی: کەمکردنەوەی بەهای دینار جەنگە لە دژی هەژارەکان

  2020-12-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، ڕێوشوێنی نزمکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی ڕەتکردەوە و بە جەنگێک لە دژی هەژاران و خاوەن داهاتی دیاریکراو ناویبرد.

لە بەیاننامەیەکدا هاوپەیمانی نەسر ڕایگەیاند "ڕێوشوێنی نزمکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی و کەمکردنەوەی داهاتی هاوڵاتی رەتدەکەینەوە، کە بەهیچ شێوەیەک چارەسەری قەیرانەکە ناکات، جەنگێکە  لەدژی هەژاران و کەسانی خاوەن داهاتی دیاریکراو، لە بەرامبەریشدا دەرگایەکی فراوان لەبەردەم هەڵاوساندا دەکاتەوە، بەشێوەیەک ناتوانرێت پارێزگاری بکرێت لە جێگرکردنی دراو، بەرپرسیارێتی ئەو ڕەوشەش دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و ئەو هێزانەی کە پشتیوانی لەو هەنگاوە دەکەن، لە هەرەسهێنانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کاریگەریی دەبێت لەسەر ژێرخانی ئابوری و گوزەرانی هاوڵاتیان".

ڕوونیشکردووەتەوە، ئەو ڕێوشوێنانە و بەردەوامبوونی خەرجکردنی نابەرپرسیارانە لە ژینگەیەکی بیرۆکراسی گەندەڵ و بێسەروبەری ئەو تۆ کە دەرئەنجامەکەی باش نابێت و ترسیان هەیە نەتوانرێت کۆنترۆڵی نرخی دینار بکرێت لە دۆخێکی ئەوهادا، چونکە سیاسەتی فرۆشتنی دراو سیاسەتێکە لە پاڵ سیاسەتێکی نەختینەی سەرکەوتوو.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاوپەیمانی نەسر ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەت دەتوانێت ڕێوشوێنی باشتر و بە کەمترین تێچوو قەیرانی ئابوری تێپەڕێنرێت، لەوانەش پاراستنی ئابوری و هاندانی وەبەرهێنان و دروستکردنی هەلی کار لەبری ئەوەی کە ڕوو دەدات، دواتر پێشکەشکردنی پرۆژە یاسایەکی بودجەی ئەوتۆ کە فشار بخاتە سەر  خەرجییە نا پێویستەکان و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی پارە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاوپەیمانی نەسر داوای لە هەموو لایەک کردووە، هاریکار بن بۆ گفتوگۆیەکی نیشتیمانی بۆ تیپەڕاندنی قەیرانەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەرکەوتوو تر لەپێناو پارێزگاریکردن لە ئابوری و بەرژەوەندیی هاوڵاتیان.

  



ڕیکلام