یەکەم دەوڵەتی عەرەبی گەشتی ئاسمانی هاتووی لە بەریتانیاوە قەدەغە کرد

  2020-12-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای ڕاگەیاندنی سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا، کە لە کۆنترۆڵ دەرچووە، دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی کوەیت بڕیاریدا قەدەغەی گەشتی ئاسمانی هاتوو بکات لە بەریتانیاوە و وەک وڵاتیکی مەترسیدار لە قەڵەمیدا.

دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی کوەیت روونیکردەوە، بڕیاری قەدەغەی گەشتی هاتوو لە بەریتایناوە، لەسەر بڕیاڕ و ڕێنمایی دەسەڵاتدارانی تەندروستی وڵاتەکە دراوە.

ئەو بڕیارەی دەوڵەتی کوەیت لە کاتێکدایە، زۆرێک لە وڵاتان ڕێوشوێنی خۆپارێزی خۆیان ڕاگەیاند، دوای ئەوەی مات هانکوک وەزیری تەندروستی بەریتانیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ئەو جۆرە نوێیەی  ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئاشکرا بووە، لە کۆنترۆڵ دەرچووە.

دوای کوەیت هۆڵەنداش هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی هاتووی لە بەریتانیاوە قەدەغە کرد، بەلجیکاش لە نیوەی ئەمشەوەوە گەشتە هاتووەکانی بەریتانیا بۆ وڵاتەکەی قەدەغە دەکات، هاوکات گەشتی شەمەندەفەریش بە تەواوەی بۆ بەریتانیا ڕاگرت.

لە لایەکی ترەوە لێپرسراوانی ئەڵمانیا ڕایانگەیاند، چاوەڕواندەکرێت بڕیاری پێویست بدەن سەبارەت بەو گەشتە ئاسمانیانەی کە لە بەریتانیاوە دەکرێن بۆ ئەڵمانیا، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک ڕانەگەیەندراوە.

 



ڕیکلام