بەشێک لە ژن و منداڵانی داعش لەڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە وڵاتەکانیان

  2020-12-20  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەشێک لە ژن و مندڵانی داعش کە بە ڕەگەز ئەڵمانی و فینلەندی بوون و لە ‎کەمپەکانى باکورى ڕۆژهەڵاتى سوریا بوون، لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و بە فڕۆکەی تایبەت گەرێندرانەوە وڵاتەکانیان.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەدرێژەى هاوکارییە دوولایەنەکانی نێوان حکومەتى هەرێم و وڵاتان، لە لایەن هەردوو وڵاتى ئەڵمانیاى فیدڕاڵ و فینلەندا و بە هاوکارى و هەماهەنگى وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتى هەرێمى کوردستان و بە ڕێگاى نێردەى دیپلۆماسی خۆیان لە عێراق و هەرێمى کوردستان، ژمارەیەک ژن و منداڵی داعش بە ڕەگەز ئەڵمانى و فینلەندى کە لە کەمپەکانى باکورى ڕۆژهەڵاتى سوریا بوون، لەڕێگەى خاکى هەرێمى کوردستان و لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر بە فڕۆکەیەکى تایبەت گەڕێندراونەتەوە وڵاتى خۆیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە پێکهاتبوون لە سێ ئافرەت و ١٢ منداڵى بەڕەگەز ئەڵمانى و هەروەها دوو ئافرەت و شەش منداڵى بەڕەگەز فینلەندى و پڕۆسەى گەڕانەوەکەش بە هەماهەنگى و هاوکارى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێم، لەڕووى دابینکردنى ئاسایش و هاوکارى لۆجستى و تەکنیکى و پێشکەشکردنى هەموو جۆرە کارئاسانییەک، ئەنجامدراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆسەى گەڕانەوەکە بە بەشدارى تیمێکى دیپلۆماسی ئەڵمانیا و فینلەندا و دواى چەندین دیدارى پێشوەختە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێم ئەنجامدراوە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم راشیگەیاندووە، ئەمە یەکەم جار نیە پڕۆسەی گەڕاندنەوەى ژن و منداڵانى داعش کە لە کەمپى ئەلهۆلى ڕۆژئاوا دەژین، ئەنجام بدرێت، بەڵکو پڕۆسەى لەمشێوەیە چەند جارى دیکەش لە ڕێگەى خاکى هەرێمى کوردستانەوە ئەنجامدراوە.



ڕیکلام