باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راگەیەندراوێکی لەسەر هێرشە موشەکییەکەی ئەمشەو بڵاوکردەوە

  2020-12-20  | 
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راگەیەندراوێکی لەسەر هێرشە موشەکییەکەی ئەمشەو بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێویستە حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ڕێگە لەو جۆرە هێرشانە بگرن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەمشەو چەند موشەکێک ئاراستەی ناوچەی سەوز لە بەغدا کراون و سیستمی بەرگری موشەکی باڵیۆزخانەکە بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشە زیانێکی سوک بەر بینای باڵیۆزخانەی ئەمریکا گەیشتووە بەڵام زیانی گیانی نەبووە و هیچ کەسیش لەناو باڵیۆزخانەکە بریندارنەبووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەپێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوونەتە باڵیۆزخانەی ئەمریکا، چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی نزیک باڵیۆزخانەکە زیانیان بەرکەوتووە و چەند کەسێکی مەدەنیش برینداربوون.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راشیگەیاندووە، "هەروەک چەند جاری تر ڕامانگەیاندووە، ئەم جۆرە هێرشانە زیان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەگەیەنێت و پێشێڵکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هێرشی راستەوخۆیە بۆ سەر سەروەری حکومەتی عێراق".

دەشڵێت، "داوا لە بەرپرسانی حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەین، هەنگاو بهاوێژن بۆ رێگەگرتن لەم جۆرە هێرشانەوە و بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن".

ئەمشەو چەند موشەکێک لە جۆری‌ كاتیۆشا ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا له‌ناوچه‌ی سه‌وزی بەغدا کران و سەرجەم موشەکەکان لەلایەن سیستمی بەرگری موشەکیی باڵیۆزخانەکە خرانەخوارەوە.

 



ڕیکلام