پسپۆڕێکی ئابوری قەبارەی زیانی خاوەن کارەکان ئاشکرا دەکات بەهۆی نزمبوونەوەی دینارەوە

  2020-12-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
غەدیر ئەلعەتار ئەندامی ئەنجومەنی ئابوری عێراق، داوای لە حکومەت کرد، ئالیەتێک دابنێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی نزمبوونەوەی نرخی دینار لە بەرامبەر دۆلار زەرەمەند بوون.

ئەلعەتار لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، زیانی بەڵێندەران، بە تایبەت ئەوانەیان کە شایستەی داراییان لای حکومەتە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە گەیشتووەتە نزیکەی ٢٤%.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخەکە بۆوەتە هۆی زیانێکی گەروە بۆ خاوەن سەرمایە و ئەو بەڵێندەرانەی کە پرۆژەکەیان جێبەجێ دەکەن، یان کەلوپەل و پێداویستی بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی بە پارەی خۆیان دابین دەکەن، یاخود ئەوانەی پرۆژەی پیشەسازی جێبەجێ دەکەن، ئەوانەش کە شایستەی داراییان لای حکومەتە.

ئەلعەتار ڕوونیکردووەتەوە، ئەو زیانانە بەهۆی ئەو جیاوازییەی گربەستی پرۆژەکان یان دابینکردنی کەلوپەل بووە، لە کاتێکدا نرخی ١١٩٠ دینار بووە بۆ هەر دۆلارێک، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە ١٤٧٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک، بە تایبەت هەندێک پرۆژە پێویستی بە دابینکردنی کەلوپەلی هاوردە هەیە.

لە کۆتایی وتەکانیدا عەتار داوای لە حکومەت کرد چارەسەرێکی بە پەلە بدۆزێتەوە لە ڕێگەی ئاراستەی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو جیاوازیە داراییەی کە ئەو کەسانەی باسکران لێی زەرەرمەند بوون.

 



ڕیکلام