وەزیری گواستنەوەی عێراق: کارکردن لە پرۆژەی بەندەری فاو دەستپێدەکاتەوە

  2020-12-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگیداوە لەسەر ئەوەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پرۆژەی بەندەری فاوی گەورە جێبەجێبکات و ئەوانیش لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ کۆمپانیای دایۆیی کۆری واژۆ دەکەن بۆ دەستکردنەوە بە کارەکان.

پرۆژەی بەندەری فاوی گەورە دەکەوێتە ناوچەی ڕەس ئەلبیشە لەنیمچە دوورگەی فاو لەپارێزگای بەسرە،دەبێت بە یەکێک لە 10 گەورەترین بەندەرەکانی جیهان و راستەوخۆ کاڵا لە چینەوە دەگات بە بەندەرەکە و دواتر بەناو خاکی عێراقدا بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەگوازرێتەوە، لە رێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە و بەشێک لە سکەی شەمەندەفەرەکە بە هەرێمی کوردستاندا دەروات و دەگات بە بە تورکیا و کاڵاکانیش لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا دەچێت .

بەپێی پلانەکە بڕیارە پرۆژەکە ساڵی ٢٠٢٤ بکرێتەوە و زیاتر لە پێنج ملیۆن هەلی کار بۆ خەڵکی عێراق دابین دەکات و بەندەرەکە  چین و وڵاتانی دەورەبەری لە ڕێگەی عێراقەوە بە جیهانەوە دەبەستێتەوە.

بەندەرەکە بە تەواوبوونی دەبێتە گەورەترین بەندەر لەسەر کەنداوی عەرەبی و بڕی تێچووی پرۆژەکە 4.6 ملیار یۆریە و ساڵانە لە توانایدایە نزیکەی 100 ملیۆن تەن کەلوپەلی لێوە هاوردە و هەناردە بکرێت.

لە پرۆژەکدا کارگەی پیترۆکیمایی و خزمەتگوزاری جۆراوجۆر و فڕۆکەخانە  وکۆگای گەورەی عەمبارکردن لە خۆ دەگرێت و زیاتر لە 90 بەندەری بازگانی تێدادەبێت.

بە تەواوبوونی بەندەرەکە نەخشەی گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا دەگۆڕێت، لەبەرئەوەی کاڵاکان لە چین و ژاپۆن و باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە بەڕێگەی عێراقدا دەگەیەندرێتە جیهان و بەپێچەوانەشەوە و پێ دەچێت ببێتە جێگرەوەی نۆکەندی سوێس لەمیسر.

لە ئێستادا پرۆژەکە یەکێک لە کارە گرنگەکانی کە دەروستکردنی شەپۆل شکێنەکانە بە درێژایی 145 کیلۆمەتر درووستکراوە و ناوی چۆتە کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان.

بەپێی وتەی شارەزایان پرۆژەکە بایەخێکی ستراتیژی گەورەی بۆ عێراق هەیە، بەهۆی جووڵاندنی گواستنەوەی دەریایی بۆ ئاستی بەرزتر لە کۆی جیهاندا، پێشبیندەکرێت قازانجی خەیاڵی بە عێراق ببەخشێت، لە رێگەی گواستنەوە و گەیاندنی کەلوپەل و نەوت، بەشێوەیەکی زۆر خێراتر.



ڕیکلام