قوباد تاڵەبانی: گفتوگۆکان شکستیان نەهێناوە و داوا دەکەین بەغدا پێش سەری ساڵ پشکی هەرێم بنرێت

  2020-12-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا ڕایگەیاند، گفتوگۆکان لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوامە و شکستیان نەهێناوە، داواش لە حکومەتی عێراق دەکەن پێش سەری ساڵ بەشی هەرێمی کوردستان بنرێت.

 جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد،  لە ساڵی 2020 حکومەتی هەرێم تەنها شەش جار بڕە بودجەیەکی بۆ نێردراوە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، ساڵی 2021 ساڵێکی سەخت دەبێت

لە وتەکانیدا قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە "ئێمە میللەتێکی ئازاین بەسەر کێشەی زۆر لەمە گەورەتردا زاڵبووین و ئەنجامی گفتوگۆکانیش خێردار دەبێت و لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2021 گەیشتووینە ڕێککەوتن، گفتووگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبن.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا قوباد تاڵەبانی ئاشکرایکرد، تەواوی زانیارییەکانمان لەسەر داهاتی نەوت و نا نەوتییەکانی هەرێم داوەتە حکومەتی عێراق و لەم سەردانەدا باسی بەڕێوەبردنی خاڵە سنورییەکانیان نەکردووە.

جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی شاندنی هەرێم لە بەغدا دەربارەی نزمبوونەوەی بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا، وتی" ئێمە پەیوەندیمان بەبڕیاری بەرزکردنەوەی دۆلار نییە بەڵام دڵنیام دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد دراوە".

دەربارەی ئاراستەی وتووێژەکانی هەرێم و بەغدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەین نەک مفاوەزات، لەوانەیە لەماوەیەکی نزیکدا سەردانی شاندی باڵای سیاسی هەرێم بۆ بەغدا ئەنجامبدرێت، وتیشی " شانازی دەکەم سەرۆکایەتی ئەم شاندە تۆکمەیەی هەرێم دەکەم".



ڕیکلام