عێراق هەڵویستی خۆی ڕاگەیاند لەسەر لێبوردنەکەی ترەمپ لە بکوژانی ١٤ هاوڵاتی وڵاتەکەی

  2020-12-23  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، سەبارەت بە بڕیاری لێبوردنەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ژمارەیەک لە کارمەندانی کۆمپانیای بلاک ۆتەری سەربازی، کە زیندانیکرابوون لەسەر کوشتنی ١٤ هاوڵاتی عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٧.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، چاودێری بڕیارەکەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان کردووە، بۆ لێبوردنی ٤ کارمەندی کۆمپانیا بلاک ۆتەری سەربازی، کە بەرپرسن لە کوشتنی ١٤ هاوڵاتی عێراق و ژمارەیەکی دیکەش لە ساڵی ٢٠٠٧دا، کە لەو کاتەدا ڕوداوەکە لەسەرئاستی نێودەوڵەتی ئیدانەیەکی فراوان کراو، لەسەر ئاستی ناوخۆش خرۆشانێکی جەماوەری دروستکرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە مەترسی تاوانەکەی لەبەرچاو نەگرتووە و ناگونجێت لەگەڵ پابەندبوونی ئەمریکا، کە دەڵێت ڕێز لە بەها و مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەریی و حوکمی یاسا دەگرێت، جگە لەوەش لەبەرچاو نەگرتنی کەرامەتی قوربانییەکان و هەست و سۆزی کەسوکارەکانیانە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیشیکردووەتەوە، لەگەڵ حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماتییەکانەوە چاودێری بابەتەکە دەکات، بۆ ئەوەی هانی واشنتۆن بدات پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت.

ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لێبوردنی سەرۆکایەتی دەرکرد بۆ ٤ ئەندامی کۆمپانیای بلاک ۆتەر سەربازی تایبەت، کە تۆمەتبار کراون بە کوشتنی ١٤ هاوڵاتی عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٧دا .

لە ڕۆژی ١٦ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠٧ ئەو ئەندامانەی کۆمپانیای بلاک ۆتەری ئەمریکی دەستڕێژی تەقەیان لە هاوڵاتیانی مەدەنی عێراقی کرد لە نزیک گۆڕەپانی نسور لەغدا و بەهۆیەوە ١٧ کەس کوژران و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.



ڕیکلام