150 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا داوای گەڕانەوە دەکەن بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران

  2020-12-24  | 
وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ئێران 2015
 تۆڕی هەواڵی ژیان
150 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا داوا لە بایدن دەکەن بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران.

ئەو ئەندامانە لە ڕەشنووسێکدا کە ئاڕاستەی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکایان کردووە داوا دەکەن ڕێگەی دیبلۆماسی لەگەڵ ئێران بگرێتەبەر و، هەردوو وڵات بگەڕێنەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وەک هەنگاوی یەکەمی دانووستانەکانی نێوانیان.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، فشارەکانی ترەمپ وایکردووە ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەردەوام بێت بەبێ هیچ ڕێگرییەک، هەروەها بووتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییە هەرێمایەتییەکان و هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

لە یاداشتەکەدا ئەوەش هاتووە، کشانەوەی ترەمپ تاکلایەنانە لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لە هەوڵەکانی سنوردارکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی لە جیهاندا کەمکردۆتەوە و زیانی بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە سەرەکییەکانی گەیاندووە.

ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا روونیانکردۆتەوە، گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئێران پێویست دەکات هەندێک لە گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە لاببرێن و لەبەرامبەر ئەوەدا ئێران زیاتر ناچاربکرێت پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت.

جۆ بایدن، پێش هەڵبژاردنی بە سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیدابوو، ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا سەربکەوێت ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.



ڕیکلام