محەمەد حەلبوسی: دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران هێڵی سوورە

  2020-12-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران هێڵی سوورە، دەشڵێت دادپەروەریی كۆمەڵایەتی خۆی لەوەدا دەبێنێتەوە موچەی پلە باڵاكان كەمبكرێتەوە.


محەممەد حەلبوسی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: عێراق پێویستی بە چەند شتێك هەیە بۆ ئەوەی خۆی لە قەیرانی ئابووری و دارایی رزگاربكات لەوانە گەڕان بەدوای سەرچاوەی ئابووریی دیكە و بەهێزكردنی دەسەڵاتی یاسا لە دەروازە سنورییەكان و رێگرتن لە قاچاغبردن. 

ئەو لە تویتەكەیدا باسی لەوەشكردووە، زیادكردنی داهاتی نانەوتی، كردنەوەی هەلی وەبەرهێنانی راستەقینە بۆ دابینكردنی كار بۆ بێكاران لەگەڵ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتییان بۆ عێراق پێویستە. 

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند "لەژێر دروشمی چاكسازی ئابوریی، موچەی فەرمانبەران كراوەتە ئامانجی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق". 

حەلبوسی دەشڵێت "دادپەروەریی كۆمەڵایەتی خۆی لەمەدا دەبێنێتەوە كە موچەی پلە باڵاكان كەمبكرێتەوە، هەورەها فەرمانبەرانی بندیوار و دوو موچەیی نەهێڵدرێت و دەست نەبرێت بۆ موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی". 

ئەو تویتەش دوای ئەوەهات كە حكومەتی عێراق بەڕێژەیەك كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی دیاری كردووە و بڕیارە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، كە تیایدا ئەو كەسانەی موچەیان لە 500 هەزار كەمتر بێت هیچ لێبڕینێك نایان گرێتەوە، تا موچەش زۆرتربێت لێبڕینی زیاتر دەبێت. 


ڕیکلام