وەزارەتی ناوخۆیی عێراق: بەڵگەنامەکەی تایبەت بە عەسائیبی ئەهلی حەق ساختەیە

  2020-12-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ناوخۆیی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، سەبارەت بە نوسراوێک کە ئاماژە دەکات بە ڕادەستکردنی تۆمەتبارێک بە لایەنێکی ئەمنی دیکە.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی ناوخۆیی عێراق بڵاویکردەوە، وەزارەتی ناوخۆ بە تەواوی ڕەتیدەکاتەوە، سەبارەت بەو زانیارییانەی  کە هەندێک میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی نوسراوێکیان بڵاوکردووەتەوە، کە ئاماژە دەکەن بە ڕادەستکردنی تۆمەتبارێک بە لایەنێکی ئەمنی.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئە و نوسراوە ساختەیە و زانیارییەکانیش هەڵەن کە سەبارەت بە وەزارەتی ناوخۆ بڵاوکراونەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ جەختیشیکردووە، دیاردەی بڵاوبوونەوەی نوسراوی ساختەکراو، سەبارەت بە کاری یەکە ئەمنییەکان و پێکهاتەکانی وەزارەتی ناوخۆ نوێ نییە، بەڵکو پێشتریش نوسراوی ساختەی وای تر بڵاوکراونەتەوە، ئامانج لەو کارەش هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی متمانەی هاوڵاتیان و ڕای گشتی بە کار و فەرمانەکانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانیان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وەزارەتی ناوخۆیی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە ئەو جۆرە نوسراوانە بڵاودەکەنەوە، بۆ ئەوەی لەبەردەم دادگا ڕابگیرێن و سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.

ئەوبەیاننامەیەی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ نوسراوێک بڵاوکراوە کە ئاماژە دەکات بە ڕێککەوتنی نێوان هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەزگای هەواڵگری عێراق و گروپی عەسائیبی ئەهلولحەقی یەکێک لە پێکهاتەکانی ناو حەشدی شەعبی، کە سەرجەم گردبوونەوەکانی گروپە کشێنراوەتەوە، دوای ئەوەی ڕێککەوتن کراوە لەسەر ڕاستدەکرنەوەی ئەندامە دەستگیر کراوەکەیان بە هێزەکانی حەشدی شەعبی .

نوسراوەکەش لەلایەن ئەفسەری ئێشگری هەواڵگرییەوە ئاراستەی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی کراوە.



ڕیکلام