رۆحانی: بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا ئەمریکا کێشەمان بۆ دروست دەکات

  2020-12-26  | 
تاران
حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەمریکا کێشەی بۆ وڵاتەکەی دروستکردووە.

لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، "گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەمان بوونەتەهۆی ئەوەی کە ڤاکسینی کۆرۆنا بەنرخێکی گران بگاتە دەستمان".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا پێشتر داوای لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO )، کردووە، هەر پارەیەک بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا دەنێردرێت، دەبێت بخرێتە ژمارەحیسابی بانکێکی ئەمریکا، بۆیە ئێران متمانەی بەو داواکارییە نییە و ئەو کارە ناکات.

ئەگەرچی تاوەکو ئێستا بەرپرسانی وەزارەتی دارایی ئەمریکا هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیە نەداوە، بەڵام پێشتر وتەبێژێکی پڕۆگرامی کۆڤاکسی سەر بە رێکخراوەی تەندروستی جیهانیی رایگەیاندووە، حکومەتی ئەمریکا مۆڵەتی ئەو کارەی پەسەند کردووە و هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە.

دوو رؤژ پێش ئێستاش، عەبدولناسر هێممەتی سەرۆکی بانکی مەرکەزیی ئێران رایگەیاند، وەزارەتی دارایی ئەمریکا مۆڵەتی کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنای داوە و بۆ ئەو مەبەستەش ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ-یان تەرخانکردووە.

لە میانی وتارەکەی ئەمڕۆیدا، حەسەن رۆحانی رەخنەی لە بەشێک لە میدیاکانی ئێران گرت کە حکومەتی وڵاتەکەیان بەوە تۆمەتبار کردبووە، پارەی کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا و توانای هەڵگرتنی ڤاکسینەکەی نییە.



ڕیکلام