خێزانک هیچیان مۆری پەنجەیان نییە

  2020-12-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ئێستادا مۆری پەنجەی کەسەکان بە هۆکارێکی بنەڕەتی دادەنرێت، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی چەند خزمەتگوزارییەکی وەک ناسنامە و پاسپۆرت و هەندێک لە ئامێرە زیرەکەکان، بەڵام هەندێک لە مرۆڤەکان بەهۆی بازدانێکی جینەکانیانەوە خاوەنی هیچ پەنجە مرۆێک نین.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان گەنجێکی وڵاتی بەنگلادش بە ناوی (ئابو سارکر) بەهۆی نەبوونی مۆری پەنجەوە کێشەی بۆ دروستبووە، ئەوە بووەتە بەربەستێکی گەورە لەوەی بتوانێت ژیانێکی ئاسایی بەسەر بەرێت.

بە تەنها کێشەکە بۆ ئەو لاوە دروستنەبووە، بەڵکو سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە جگە لە دایکیان هەمان کێشەیان هەیە.

ئەو گەنجە تا ماوەیەک لەمەوبەر وەک یاریدەری پزیشکی کاریکردووە، بەڵام باوک و باپیری جوتیار بوون، کە رەنگە هیچ پێویستیان بە مۆری پەنجە نەبووبێت.

بەگوێرەی سەرچاوە زانسیتییەکان کەمینەیەکی زۆر کەم لە جیهاندا دووچاری ئەو بازدانە جینییە بوونەتەوە، بەڵام زۆر دەگمەنە و کەمتر بەر گوێ کەوتووە.

ئابو سارکر دەڵێت، بەهۆی پیشەکەیانەوە کە جوتیار بوون نەبوونی مۆری پەنجەکانی دەست، پێشتر کێشەیەکی ئەوتۆ نەبووە بۆ باوک و باپیران، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە بەربەستێکی ڕاستەقینە بۆ ئەو.

ڕوونیکردووەتەوە، مۆری پەنجە هۆکارێکی سەرەکییەوە بۆ چوونە ناو ئامیرە ئەلکترۆنییەکان و دەنگدان و بەدەستهێنانی بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەوڵەت.

وەک ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان پێکردووە، لە ساڵی ٢٠٠٨ کاتێک ئابو ٨ ساڵی تەواو نەکردووە، بەنگلادش دەستی کرد بە پێدانی کارتی نیشتیمانی بە هاوڵاتییەکانی، کە یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی مۆری پەنجە بووە بۆ بەدەستهێنانی، بۆ ئەوەی بخرێتە ناو داتا بەیزی وڵاتەکەوە.

کاتێکیش باوکی ئابو داواکار پێشکەشکردووە، فەرمانبەری تایبەتمەند بە وەرگرتنی مۆر پەنجە تووشی سەرسوڕمان بووەتەوە، کاتێک چەند جارێک پشکنینی بۆ کردووە مۆری چەنجەکانی نەبووە، بۆیە ناچار لە کارتەکەی نوسیوە مۆری پەنجەی نییە.

لە ساڵی ٢٠١٠ وەرگرتنی مۆری پەنجە بووە کارێکی ناچاری بۆ بەدەستهێنانی پاسپۆرت و مۆڵەتی شۆفێری، بۆیە باوکی خێزانەکە هیچ هیوایەکی نەما بەوەی ببێتە خاوەنی پاسپۆرت، تا ئەو کاتەی بڕوانامەی باوەڕپێکراوی پزیشکی هێنا، کە ئاماژە دەکات بەوەی خاوەنی هیچ مۆرێکی پەنجەکانی نییە.

باوکی ئابو دەڵێت تا ئیستا لەڕێگەی فڕۆکەوە هیچ گەشتێکی نەکردووە، چونکە ترسی ئەوەی هەیە لە فڕۆکەخانەکان کێشەی بۆ دروست ببێت، لەبەر ئەوەی ڕەنگە کارمەندەکان باوەڕ بەوە نەکەن و لە ڕەوشەکەی تێنەگەن، کە هەر لەکاتی لەدایکبوونەوە بەهۆی بازدانێکی جینییەوە مۆری پەنجەی نییە.

هەر بەوهۆیشەوە سەربای ئەوەی هەموو داخوازییەکانی بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی مۆری پەنجەکانییەوە نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت، بەڵام بە ناچاری لە ناوچەکەی خۆی بەردەوامە لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەی، چونکە لە باڵەخەڵیدا هەموو کارەکانی دانی باجی دەوڵەتی لەسەر مۆڵەتی شۆفێرییەکەی پێیە.

حکومەتی بەنگلادش بۆ وەرگرتنی سیم کارتی مۆبایل بەفەرمی سەپاندوویەتی کە دەبێت کەسەکان مۆری پەنجەیان وەربگیرێت ئەوکاتە دەبنە خاوەنی سیم کارت، بەڵام بەهۆی ئەو کێشەیەوە تا ئێستا نە ئابو نەک هیچکام لە براکانی نەبوونەتە خاوەنی سیم کارتی خۆیان.

تا ئەمڕۆ ئابو براکانی بەهۆی مۆری پەنجەی دایکیانەوە توانیویانە سیم کارت وەربگرن، بۆ کاتی دەنگدانیش ناچارن دایکیان بانگهێشتی بنکەکانی دەنگدان بکەن.



ڕیکلام