پەرلەمانتارێک: باڵێۆزخانەکانی عێراق لە دەرەوە لە گەندەڵیەوە تێوەگلاون

  2020-12-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانتارێک ئاشکرایدەکات باڵیوزخانە و نوێنەرایەتیەکانی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە لە گەندەڵیەوە تێوەگلاون.

بڵیسە جەبار فەرمان پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە نوسینێکدا دەڵێت" بەپێی ڕاپۆرتی شەفافیەتی نێودەوڵەتی عێراق بە یەكێك لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان دەژمێردرێت و ئەم پەتایە نەك هەر دامەزراوەكانی حكومەتی لە ناوەوەی وڵات بەتەواوی گرتۆتەوە، بەڵكو باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەكانیشی لە دەرەوە گرتۆتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکردوە نوێنەرایەتییەكان خەرجییەكی ئێجگار زۆریان هەیە و نوێنەرەكان پلەكانیان لە پلەی وەزیران باڵاترە و واپێویستە بینای نوێنەرایەتییەكان هەمیشە لە شوێنی زۆر گرانبەهادا بن، چونكە شكۆی وڵاتەكانی خۆیانن .

ئاشکراشیکردوە عیراق 88 بارەگای نوێنەرایەتیی لە وڵاتاندا هەیە و گەندەڵیش زۆربەی نوێنەرایەتییەكانی عیراقی گرتۆتەوە و لە هەندێک وڵات نوێنەرایەتی هەیە کە هیچ بەرژەوەندیەکی لەگەڵیان نیە بۆ نمونە وڵاتی کینیا، لەگەڵ ئەوەی باڵیۆزی عێراق و 34 کارمەند لەو وڵاتە کاردەکەن بەڵام تەنها چوار هاوڵاتی عێراقی لەوێ نیشتەجێن.

هەروەها عیراق نوێنەرایەتیی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا و هەروەها نوێنەرێكی ئیسلامی لە ڤاتیكان هەیە، كە تەنها چەند مەترێك لە یەكترییەوە دوورن .

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکردوە یەكێكی دیكە لە گەندەڵیەکان لە باڵیۆزخانەکان بریتییە لەو كارمەندانەی لەوێ پلەی بەرزیان هەیە و بێ هیچ مەرجێكی دیپلۆماسی دانراون.

بەشی هەرە زۆریان منداڵ و خێزانی سیاسییەكانن و هیچ ئەزموونێكیان لەبواری پەیوەندیی و دیپلۆماسییدا نییە و لە باڵیۆزخانەکاندا دانراون.

بڵێسە جەبار فەرمان پێشنیار دەکات عێراق نوێنەرایەتیەکانی لە هەندێک وڵات دابخات کە پەیوەندی ئابوری لەگەڵیاندا نیە و هەندێکیان کەمبکاتەوە و ئاڵوگۆڕیان پێ بکات.



ڕیکلام