وەزارەتی بازرگانی عێراق: لەسەرجەم پارێزگاکان شایستە داراییەکانی جوتیاران دابەشدەکرێت

  2020-12-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، دەستکراوە بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران و فرۆشیارانی دانەوێڵە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق.

لە بەیاننامەیەکی کورتدا وەزارەتی بازرگانی بڵاویکردەوە، بنکە و لقەکانی کۆمپانیای دانەوێڵە، دەستیکردووە بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران و فرۆشیارانی دانەوێڵەی گەنم، بە پشتبەستن بە بڕی گەنمەکە و ئەوەی لە پێشترە لە فرۆشتندا.

عەلاء جبوری وەزیری بازرگانی پێشتر ڕایگەیاندبوو، بەم نزیکانە دەست دەکرێت بە دابەشکردنی بڕی ٥٠٠ ملیار دینار لە شایستە داراییەکانی جوتیاران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.

وەزیری بازرگانی ڕوونیکردەوە، حکومەت لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا بڕی ٣ تریلیۆن دیناری بۆ جوتیاران و فرۆشیارانی بەرهەمی گەنم و چەڵتوک تەرخانکردووە بۆ وەرزی دروێنەی داهاتوو



ڕیکلام