کازمی: ڕێگە نادەین چەکی لە یاسا دەرچوو هەڕەشە لە هاوڵاتیان و هەڵبژاردنەکان بکات

  2020-12-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و دەستە سەربەخۆکاندا ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین بە چەکی لە یاسا دەرچوو جموجوڵ بکات و ببێتە هەڕەشە لەسەر ئازادی و ئاسایشی هاوڵاتیان و متمانەی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان.

کازمی لە میانی کۆبوونەوەیەکی فراواندا کە ژمارەیەک لە وەزیرانی کابینەکەی و سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان و دەزگا ئەمنییەکان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئامادەی بوون ڕایگەیاند، ئەرکی سەرەکی حکومەتەکەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدا، چونکە حکومەت، حکومەتێکی کاتییە بە هەموو پێوەرەکان، ئەوەش ئەنجامی خرۆشانێکی جەماوەریی بووە لە لایەک و داخوازی مەرجەعیەت و هێزە سیاسییەکان کە داوای گۆڕانکاری دەکەن لەلایەکی ترەوە.

کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان لە ساڵی ٢٠٠٣وە، وایکردووە ماوەی ڕاگوزەر ماوەیەکی بەردەوام بێت، ئەوەش بە گەورەترین هۆکار دادەنرێت کە وایکردووە ڕێوشوێنەکان شکست بهێنن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، ئێستا لە دووڕیانێکدان دوای ئەوەی سێ ئامانج هاتنە دی لەم ماوەی ڕاگوزەرەدا، یەکەمیان سەرۆک وەزیرانێکی سەربەخۆ کە سەر بە هیچ قەوارەیەکی سیاسی نییە، کۆمسیۆنێکی سەربەخۆی هەڵبژاردن، یاسایەکی هەڵبژاردنی گونجا براوە ئەو کەسەیە کە زۆرترین دەنگ بە دەست دەهێنێت.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا کازمی جەختیکردەوە، هێشتا هەلی سەرکەوتن لەبەردەستدایە بۆ گێرانەوەی متمانەی گەل بە دەوڵەت و سیستمی سیاسی و ڕێوشوێنە دیموکراتییەکان، ئەویش لەڕێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دادپەوەر، کە بتوانێت ئارامی و ئاسایش بۆ وڵات بگێڕێتەوە.

وتیشی " دەسەڵاتی من بۆ ڕازیکردنی خودی خۆم نییە، بەڵکو ئەرک و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە، ئەو کاتەش دەتوانین بڵێین ئەو ئەرکە مێژووییەمان ئەنجامداوە کە پێمان سپێردراوە، ئێمە سورین لەسەر تەواوکردنی ئەو ئەرکە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە چەکی لە یاسا دەرچوو نادەین ببێتە هەڕەشە لەسەر ئازادی و ئاسایشی هاوڵاتیان و متمانەی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان".

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەستۆگرتنی ئەم ئەمانەتە شەرەفیکی گەورە بووە، بە تایبەت کە توانراوە وادەی هەڵبژاردن دیاری بکرێت و یاسای کۆمەککردنی هەڵبژاردنەکانیش ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، پێشتر سەردانی کۆمیسۆنیان کردووە و داوایان لێکردوون پێداویستییەکانیان دیاری بکەن، بۆ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی بکات، کۆبوونەوەی ئەمڕۆش بەڵگەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە مێژووییە، داواشی لە هێزە سیاسییەکان و پەرلەمان کرد بابەتی داداگای فیدراڵی یەکلایی بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن داخوازییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بە تەواوی دابین بکەن.

 



ڕیکلام