پلاندانانی عێراق: ڕێژەی هەژاری گەیشتووەتە لە 32%

  2020-12-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا گەیشتووەتە ٣٢%، ئەو ڕێژەیەش لەسەر بنەمای کەمی داهات دەستنیشانکراوە.

عەبدولزەهرە هەنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەو بارەیەوە وتی "ڕێژەی هەژاری لە وڵاتدا بەرزبووەتەوە بۆ لە ٣٢%، ئەو بەرزبوونەوەش دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادیکردووە".

وتەبێژی وەزارەتی پلاداندانان ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێژەی هەژاری پێش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتبووە لە ٢٠%، بەڵام دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی وەک قەدەغەی هاتوو، ڕێژەکە بەرزتر بۆوە، ئەو ڕێژەیەش لەسەر بنەمای کەمی داهات دەستنیشان کراوە، نەک لە رەهەندی دیکەی وەک شوێنی نیشتەجێبوون و فێرکردن و تەندروستی، چونکە ئەگەر پشت بەو ڕەهەندانە ببەسترێت دەگەڕێتەوە بۆ لە ٢٠%.

ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی ساڵێکە بەهۆی بڵابوونەوەی پەتای کۆرۆنا و نزمبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزە و کەمبوونەوەی داهاتی عێراق، ڕێژەی هەژاری بەرزتر بووەتەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت دوای کەمکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا، ڕێژەی هەژاری بەرەو زیاتر هەڵبکشێت.

پێشترو لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان پێشبینی کردووە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە عێراق بۆ ٣١% لەمساڵدا، داواشی لە حکومەت کردووە هەنگاوی پێویست بنێت لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی لە وڵاتدا .

باربارا کریگزمان رێکخەری یەکەمی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان لەو پرۆگرامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە  "لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی یونسیف و بانکی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە، ئاماژە دەکات بەوەی ڕیّژەکانی هەژاری لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ کەمتر بووە لە ٢٠ %".



ڕیکلام