توركیا ڤاكسینە چینیەكەی بەدەست گەیشت

  2020-12-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
توركیا ڤاكسینی كۆرۆنای لە چینەوە بەدەست گەیشت و وەزیری تەندروستیش دەڵێت، بۆ ماوەی 14 رۆژ تاقیكردنەوە لەسەر ڤاكسینەكە دەكەن دواتر بڕیار دەدەن لە بەكارهێنانی سینەڤاك.

بە گوێرەی هەواڵێكی میدیاكانی توركیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەو فڕۆكەیەی كە ڤاكسینی كۆرۆنای لە چینەوە هەڵگرتبوو لە فرۆكەخانەی ئەنقەرە نیشتەوە و ئەو دەفرانەی ڤاكسینەكانی تێدابوو لە فڕۆكەكەدا وەرگیران و گواسترانەوە بۆ كۆگاكانی وەزارەتی تەندروستی. 

فەخرەدین كوجا، وەزیری تەندروستی توركیا لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رایگەیاند: ئەو فڕۆكەیەی ڤاكسینەكانی ئێمەی هێناوە گەیشتووەتە فڕۆكەخانە تاقیكردنەوەكان 14 ڕۆژ بەردەوام دەبێت. 

ئەو وتیشی دوای ئەو ماوەیە دەستبەجێ پزیشكە توركەكان و ئامێرە پزیشكیەكان تاقیكردنەوەكان جێبەجێ دەكەن دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەكان بەرنامەی كوتان بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی جێبەجێ دەكرێت. 

ڤاكسینی سینەڤاك، بەرهەمی كۆمپانیای سینۆفارم، بەرهەمی هەرە سەركەوتووی وڵاتی چینە لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ناسراو بە (كۆڤید 19)  پێشتر چین ئەو ڤاكسینەی لەسەر زیاتر لە 1 ملیۆن كەس تاقیكردووەتەوە، بە گوێرەی هەندێك داتا سەركەوتنی ڤاكسینە چینیەكە بە ڕێژەی 91.25% بەراورد بە ڤاكسینە هاوبەشە ئەمریكی و ئەڵمانیەكە رێژەكەی كەمترە كە ئەوەی ئەوان سەركەوتنی 95% بوو. 

سینەڤاك لە ئێستادا بەدوای داتایەك دەگەڕێت لەتاقیكردنەوە جیهانییەكان كە ئەندەنوسیا و توركیا و چیلی و بەرازیل دەگرێتەوە، بەهۆی ئاسانی لە گواستنەوەیی و هەرزانی نرخەكەی بەشێك لە وڵاتانییش ئامادەن ڤاكسین لەو وڵاتە بكڕن. 

تا ئێستا لە ئاستی جیهانیدا سینەڤاك متمانەیەكی تەواوەتی بەدەست نەهێناوە، بەهۆی ئەوەی داتاكانی تاقیكردنەوەكە كە لە چین و بەرازیل و چەند شوێنێكی دیكە ئەنجامدراوە جیاوازی هەیە. 

چوار ڤاكسینی دیكەی چینی لە هەریەكە لە كۆمپانیاكانی سینۆرفارم و كانسیۆ بایۆلۆجیو ئەكادیمیای زانستی چینی لە قۆناغی سێهەمی تاقیكاری پزیشكیدان، توركیا پێشتر لەسەر 1322 كەس ڤاكسینەكەی تاقیكردووەتەوە بەڵام شارەزایان دەڵێن داتای زیاتر لە ژمارەیەكی گەورەتری بەشداربووان پێویستە بۆ داواكردنی ڕەزامەندی لەسەر بەكار هێنانی ڤاكسینەكە. 

دوو پزیشكی توركی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە بەلایەنی كەمەوە چەند هەفتەیەكی تر پێویستە بۆ ئەنجامەكانی بەكارهێنانی سینەڤاك بۆ سەلماندنی یەكلاكەرەوە ، چونكە قەبارەی نموونەكە پێویستی بە گەورەبوونە.