ساڵی ڕابردوو عێراق دووەم مەترسیدارترین وڵات بووە بۆ ڕۆژنامەنووسان

  2020-12-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەیامنێرانی بێسنور ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا ٥٠ ڕۆژنامەنووس کوژراون، زۆربەشیان لەو وڵاتانە بوون کە هیچ جەنگێکیان تیا بەڕێوە ناچێت.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەکە زیانر ئەو دەردەخات کە ئەو ڕۆژنامەنووسانە کراونەتە ئامانج، کە لیکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەکەن لە تاوانی ڕێکخراو  یان گەندەڵی یاخود بابەتی ژینگەیی.

لە ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرانی بێسنور عێراق پلەی دووەمی هەیە لە جیهاندا لەڕووی ژمارەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسانەوە لە ساڵی ٢٠٢٠دا.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، لە عێراق ئەو ڕۆژنامەنووسانە بە دەستڕێژی گولـلە کراونەتە ئامانج کە ڕوماڵی خۆپیشاندانەکانی دژی حکومەتیان کردووە لە بەغدا و بەسرە.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، وڵاتی مەکسیک مەترسیدارترین وڵات بووە بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەشێوەیەک ٨ ڕۆژنامەنووسی تیا کوژراوە، دوای ئەویش عێراقە ٦ ڕۆژنامەنووسی تیا کوژراوە، پاشان ئەفغانستان کە ٥ ڕۆژنامەنووس، پاکستان ٤ ڕۆژنامەنووس و لە کۆتایدا هیندستان ٤ ڕۆژنامەنووسی تیا کوژراوە.

پەیامنێرانی بێسنور ئاماژەی بەوەشکردووە، بە بەراورد کردن بە ساڵی ڕابردوو ژمارەکە کەمیکردووە، بەشێوەیەک لە ساڵی ڕابردوودا ٥٣ ڕۆژنامەنووس کوژراون.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور، کە بەرگری دەکات لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی، ڕۆشنایی خستووەتە سەر ئەوەی لە ٨٤%ی ڕوداوەکانی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان بە ئەنقەست کراونەتە ئامانج و لەکاتی کارکردندا بوون، بەڵام ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ڕابردوودا لە ٦٣% بووە.

سەرۆکی ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ چەند ساڵێک دەبێت زۆربەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە کاری ڕۆژنامەوانی بنکۆڵکاری دەکەن، زیاتر کراونەتە ئامانج و کوژراون.

وەک لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، لە ساڵی ڕابردوودا ٢٠ ڕۆژنامەنووسی بواری بنکۆڵکاری کوژراون، لەو ژمارەیەش ١٠ ڕۆژنامەنووسیان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان کردووە لە کیشەکانی گەندەڵی ناوخۆیی و دزینی سامانی گشتی.

ڕێکخراوەکە جەختیشیکردەوە، ٧ ڕۆژنامەنووسی لە عێراق و نەیجیریا و کۆڵۆمبیا، لە کاتی ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، جگە لەوەش نزیکەی ٣٨٧ ڕۆژنامەنووسیش لە زیندانەکان توند کراون.



ڕیکلام