جەواد زەریف: ئەمریکا بەدوای بیانوویەک بۆ هەڵگیرسانی شەڕ دەگەڕێت

  2020-12-31  | 
تاران
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەک کاردانەوەیەک بۆ هاتنی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، واشنتن بەدوای بیانوویەک بۆ هەڵگیرسانی شەڕ دەگەڕێت.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، "دۆناڵد ترەمپ و هاوکارەکانی لەبری شەری روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئەمریکا، چەندین ملیار دۆلار بۆ رەوانەکردنی فڕۆکەی B52 و کەشتی جەنگیی بۆ ناوچەکەمان بەهەدەر دەدەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە عێراقەوە بەدەستیان گەیشتووە، پیلانی هەڵگیرسانی شەڕ لەئارادایە.

محەمەد جەواد زەریف راشیگەیاندووە، "ئێران هەوڵی ئاژاوە و شەڕ نادات، بەڵام بە ئاشکرا و بەبێ درەنگ کەوتن، بەرگری لە ئاسایش و بەرژەوەندی گەلی خۆی دەکات".

ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت، کە ڕۆژی رابردوو، ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتدپرێس لەزاری فەرماندەیەکی باڵای سەربازی ئەمریکاوە، بڵاویکردەوە کە وڵاتەکەی دوو فڕۆکەی B52ی رەوانەی ئاسمانی کەنداو کردووە و  نزیک لە ئاسمانی ئێران سوڕاونەتەوە.

ئەو بەرپرسە کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردبوو، رایگەیاندبوو، مانوڕی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک دێت بۆ ئەو ئەگەرانەی کە ئێران دەیەوێت لە چەند رۆژی داهاتوودا زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدات.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، تەنانەت پێدەچێت ئەو هێرشانە پاش هاتنە سەرکاری جۆبایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەنجام بدرێن.

بەوتەی ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئەمریکا، لەم رۆژانەدا دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی چەند سەرەداوێکی نوێیان لە هەڕەشەی جددی ئێران دەستکەوتووە، لەوانەش پیلان داڕشتن بۆ ئەنجامدانی هێرشی موشەکی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا، ئەمە بۆ دووەم جارە ئەمریکا فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی رەوانەی سنوریی ئاسمانیی ئێران دەکات، سەرەتای ئەم مانگە فڕۆکە  B52ەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی ٣٦ کاتژمێر بەسەر ئاسمانی کەنداودا سوڕانەوە و دواتر بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا ئەو هەوڵانەی وڵاتەکەیان بۆ هۆشداریدان و رێگریکردن لە هەر رەفتارێکی شەڕانگێزانەی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکە لەقەڵمدا.

دواتر و رۆژی دووشەممە ٢١ی١٢ی٢٠٢٠، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ژێردەریایی ئەتۆمیی (یو ئێس ئێس جۆرجیا) کە تەیارکراوە بە سیستمی موشەکیی تۆماهۆک، بەیاوەری لەگەڵ  دوو کەشتی جەنگی دیکە کە هەڵگری سیستمێکی موشەکی هاوشێوەن، رەوانەی ئاوەکانی کەنداو کراون و گەرووی هۆرموز-یان تێپەڕاندووە.



ڕیکلام