ئەمریکا کەشتییەکی جەنگی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکشێنێتەوە

  2021-01-01  | 
روژهەڵاتی ناوەڕاست
ئەمریکا کەشتییەکی جەنگی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکشێنێتەوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکشێنێتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بەبڕیاری کریستۆفەر میلەر وەزیری بەرگری ئەمریکا بەوەکالەت، ئەرکی ١٠ مانگەی کشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواو بووە و بۆ ناوچەی بێرمۆرتن لە ویلایەتی واشنتن دەگەڕێتەوە.

ئاژانسەکانی هەواڵی رۆیتەرز و ئەسۆشیەتدپرێس لەزاری بەرپرسانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، کە ئامانج لەو کارە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانە لە ناوچەکە.

لە ڕۆژانی رابردوودا و بەنزیکبوونەوە لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران رووی لە زیادبوون کردووە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو دوو فڕۆکە B52ی ئەمریکا بۆ جاری دووەم لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا بە ئاسمانی کەنداو و نزیک سنوریی ئاسمانی ئێران سوڕانەوە و ئەوەش کاردانەوەی بەرپرسانی باڵای ئێرانی لێکەوتەوە، لەوانەش محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا بەدوای بیانوویەک بۆ هەڵگیرسانی شەر لە ناوچەکەدا دەگەڕێت.

پێشتر و رۆژی دووشەممە ٢١ی١٢ی٢٠٢٠، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ژێردەریایی ئەتۆمیی (یو ئێس ئێس جۆرجیا) کە تەیارکراوە بە سیستمی موشەکیی تۆماهۆک، بەیاوەری لەگەڵ  دوو کەشتی جەنگی دیکە کە هەڵگری سیستمێکی موشەکی هاوشێوەن، رەوانەی ئاوەکانی کەنداو کراون و گەرووی هۆرموز-یان تێپەڕاندووە.

بەوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئامانج لەو کارانەی وڵاتەکەیان، هۆشداریدان و رێگەگرتن لە ئێرانە بۆ ئەنجامدانی هەرجۆرە رەفتارێکی شەڕانگێزانە و هێرشکردن بۆسەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە ناوچەکە.



ڕیکلام