رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO ) رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٨١ ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە، گیانیان لەدەستداوە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO )، ئاماری گشتیی توشبووان و مردووانی کۆرۆنای لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەردەستیاندایە، لە ساڵی رابردوودا ٨١ ملیۆن و ٤٧٥ هەزار و ٥٣ کەس لە سەرتاسەری جیهان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لە ساڵی ٢٠٢٠دا، یەک ملیۆن و ٧٩٨ هەزار و ٥٠ کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئامارەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە کیشوەری ئەمریکا بەرزترین ئاماری توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە کە دەکاتە، ٣٥ ملیۆن و ٣٩٣ هەزار و ٣٨٩ کەس، ئەوروپا بە پلەی دووەم دێت کە ٢٦ ملیۆن و ٢٢٥ هەزار و ٧٢٨ حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنای هەیە، باشوری ئاسیاش بە تۆمارکردنی ١١ ملیۆن و ٩٦١ هەزار و ٩٢٢ حاڵەت لە پلەی سێیەمدایە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش چوار ملیۆن و ٩١٠ هەزار و ١٠٧ کەس لە ساڵی ٢٠٢٠دا تووشی کۆرۆنا بوون و بە پلەی چوارەم دێت، کیشوەری ئەفریقا لە پلەی پێنجەم دایە بە تۆمارکردنی یەک ملیۆن و ٨٩٥ هەزار و ٤٦٧ حاڵەت و دواتر وڵاتانی رۆژئاوای زەریای هێمن دێن کە یەک ملیۆن و ٨٧ هەزار و ٦٩٦ توشبووی کۆرۆنایان هەیە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO )، راشیگەیاندووە، لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ئەمریکا لەڕووی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە پلەی یەکەمدایە و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠، ١٩ ملیۆن و ٣٤٦ هەزار و ٧٩٠ کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون، دوای ئەویش وڵاتانی هندستان، بەڕازیل، روسیا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا، کۆڵۆمبیا، ئەرجەنتین و مەکسیک دێن.