کازمی: ڕێگە نادەین عێراق هەرەس بهێنێت و مایەپووچ ببێت

  2021-01-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت پارێزگاری کردووە لە چینی هەژار لە پڕۆژە یاسای بودجەدا، ئاماژەی بەوەشکرد بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن بە هەرەسهێنانی عێراق و مایەپوچبوونی.

بە گوێرەی بەیاننامەیەکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کازمی لە دانیشتنیکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیر و مامۆستای زانکۆ و شیکەرەوە سیاسییەکانی عێراق ڕایگەیاند "ئەمساڵمان بە هیواوە دەستپێدەکەین، سەردەمێکی نوێ واڵا دەکەین لە پابەدبوون و بەردەوامی لەسەر ڕێچکەی چاکسازی".

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی ٢٠٢١ ساڵی ئاشکراکردنی ڕاستیە گەورەکانی تایبەت بە گەندەڵی دەبێت، ڕوونیشیکردەوە سەرجەم دەوڵەتانی هاوسێی عێراق لە هەوڵی پشتیوانیکردنیدان.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت هەر لە یەکەم چرکە ساتییەوە کاریکردووە لەسەر هەڵوەشانەوەی قەیرانەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر گەل و داهاتووی نەوەکانی.

ڕوونیشیکردەوە کاریانکردووە لەسەر دوورخستنەوەی ململانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، کە پێشتر خەریک بوو عێراقی دەخستە ناو زنجیرەیەکی دوورودرێژ لە جەنگ، لەوبارەیەوە کازمی وتی "دەوڵەت لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا توانی زیندووبێتە و متمانەی بە تواناکانی خۆی ببێت، هێزە ئەمنییەکان زیاتر بوونەتە جێی متمانە و پەیوەندییەکانیانیان لەگەڵ خەڵکدا پتەوکردووەتەوە، سوپاش لە هەموو کاتێکدا زیاتر قورباندەرە و گونجاوە، لە هەموو چرکە ساتێکدا ئامادەیە بۆ پارێزگاریکردن لەگەڵ لە هەر مەترسییەک کە ڕوبەڕوی ببێتەوە".

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، دەتوانێت بە متمانەوە بڵێت کە لە ماوەی شەش مانگی کارکردنی ئەم حکومەتەدا، توانیویەتی عێراق بکاتە خاوەنی بەهێزترین سیستمی پەیوەندی و متمانەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بە حکومەتەکەی، بەشێوەیەک کە ماوەی چەند دەیەیەکە بەخۆیەوە نەدیووە.

جەختیشیکردەوە لە ئەمرۆدا هەموو هاوسێکان و جیهانیش لە هەوڵی پشتیوانیکردنن لە عیراق و هاریکاریکردن بۆ هەستانەوەی ، هەموو لایەک ئەوە تێگەیشتووە کە هاوسەنگییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان پێویستی بە عێراقێکی بەهێز و گونجاو هەیە، دیارە ئەوەش لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکو کارکردنی بەردەوام و نییەتی پاک و ڕاستگۆی و ڕاشکاویە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو لایەکدا.

سەبارەت بە هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی کە داخوازییەکی لە مێژینەی جەماوەر بووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لەو ڕووەوە هەنگاوی گەورەیان ناوە، لە ئێستادا یاسای هەڵبژاردن و کۆمەک پێکردنی و کۆمسیۆنیش هەیە، هیچ تر لەبەردەمیاندا نەماوەتەوە جگە لە پێکهێنانی دادگای فیدراڵی، کە بە هەموو توانایەکەوە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکەدا کاری لەسەر دەکەن.

دەربارەی قەیرانی دارایش کازمی لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، قەیرانی دارایی کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر گەل، هەروەک قەیرانی ئابوری و کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر جیهانیش دروستکردووە، بەڵام دۆخەکە بۆ عێراق قورستر بووە، بە داخەوە حکومەتەکانی پێشوو هیچ پلانێکیان بۆ ئەم قەیرانانە نەبووە، عێراق هیچ گەشەپێدانێکی بەخۆیەوە نەدیووە، بەڵکو لە چەند دەیەی ڕابردوودا پیشەسازی و کشتوکاڵ و فێرکردن و سیستمی تەندروستیشی وێرانکراون، بەشێوەیەک ئابوری عێراق بووەتە بارمەتی نرخی نەوت، جگە لەوەش گەندەلی تەڕو وشکی پێکەوە خواردووە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، لیژنەیەکی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و تاوانە تایبەتەکان دامەزراوە، بۆ یەکەم جارە سەرەکە گەورەکانی گەندەڵی خۆیان لە زینداندا دەبیننەوە، کە حزب پارێزگاری لی ناکات و کەسیش نییە قوتاری بکات، لەسەر ئەو ڕێچکەیەش بەردەوام دەبن، هەر بۆیە ساڵی ٢٠٢١ ساڵی ئاشکراکردنی راستە گەورەکانی تایبەت بە گەندەڵی دەبێت، کە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئابوری دروستکردووە.

لە کۆتایی وتەکانی وتەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی "١٧ ساڵ دواکەوتووین، بۆیە لەمەو دوا بە هیچ شێوەیەک دواناکەوین، بۆ پێویستە لەسەر هەموو بەرژەوەندخوازێک بەرژەوەندی عیراق بخاتە پێش ویژدانی خۆیەوە، بۆیە ساڵی نوێ ساڵی دەستکەوتی عێراق دەبێت و دەوڵەت بەسەر هەموو بەربەستەکاندا سەردەخەین".



ڕیکلام