ئەمریکا لە کشاندنەوەی کەشتییە جەنگییەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشگەزبووەوە

  2021-01-04  | 
کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز
ئەرشیڤ
واشنتن
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران، ئەمریکا لە کشاندنەوەی کەشتی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشگەزبووەوە و لەنزیک کەنداو جێگیری دەکات.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لە بەیاننامەیەکدا کە لەزاری کریستۆفەر میلەر وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "بەهۆی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێران دژی سەرۆک ترەمپ و بەرپرسانی حکومیی دیکەی ئەمریکا، بڕیارمدا کەشتیی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز لە ناوچەکە بمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر بڕیاری کشاندنەوەمان دابوو".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز لە چوارچێوەی ئەرکەکانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەمێنێتەوە.

وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، "هیچ کەس نابێت گومانی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەبێت".

سەرەتای ئەم مانگە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، رایگەیاند، بەبڕیاری کریستۆفەر میلەر، ئەرکی ١٠ مانگەی کشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواو بووە و بۆ ناوچەی بێرمۆرتن لە ویلایەتی واشنتن دەگەڕێتەوە .

رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا، بەو بڕیارەی کریستۆفەر میلەر شۆکە بوون.

دواتر ئاژانسەکانی هەواڵی رۆیتەرز و ئەسۆشیەتدپرێس لەزاری بەرپرسانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، کە ئامانج لەو کارە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانە لە ناوچەکە.

بەنزیکبوونەوە لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس سەرۆکی پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا، کە ٣ی ئەم مانگە بوو، مەترسی روبەڕوبوونەوەی واشنتن و تاران لەئارادابوو، بەرپرسانی ئەمریکا ترسیان لەوەیە کە بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە، ئێران هێرش بکاتە سەر بنکە و بەرژوەندییەکانیان لە عێراق و ناوچەکە.

لە ماوەی یەک مانگی رابردووشدا و بە ئامانجی هۆشداریدان بە ئێران و رێگەگرتن لە هەر جۆرە رەفتارێکی شەڕانگێزانە، فڕۆکە B52ەکانی ئەمریکا دوو جار چوونە ئاسمانی کەنداو و لەنزیک سنوری ئاسمانی ئێران سوڕاونەتەوە و مانۆڕیان ئەنجامداوە.