ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بەڕێژەی 20٪ دەستپێکردەوە

  2021-01-04  | 
تاران
ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بەڕێژەی 20٪ دەستپێکردەوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بەڕێژەی 20٪ دەستپێکردەوە و یەکێتی ئەوروپاش دەڵێت، ئەو بڕیارە مەترسی بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی دروست دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی١٢ی٢٠٢١، عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لە وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی ٢٠٪ دەستیپێکردووتەوە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا یەکەم بەرهەمی یۆرانیۆمی پیتێنراو (یو ئێف ٦)، بەردەست دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارە بە بڕیاری سەرۆک کۆمار و لە چوارچێوەی یاسای پەسەندکراو لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە، جێبەجێکراوە و سەرەڕای ئەوەی حکومەت پێیوایە لەبەرژەوەندی وڵاتدا نییە، بەڵام پابەندی دەبێت.

هاوکات رافائێل گەروسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ ئێران لە وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ، پیتاندنی یۆرانیۆمی بەڕێژەی ٢٠٪ دەستپێکردووەتەوە کە پێشتر لە ئاستی ٤.١٠ راگیرابوو.

لای خۆشیەوە پیتر ستانۆ وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، بڕۆکسل پێش ئەوەی بڕیار لەوبارەیەوە بدات، چاوەڕێی راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەبێت.

وتیشی، "ئەو بڕیارەی ئێران مەترسی بۆ ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی دروستدەکات و دەبێتە بەربەست لەبەردەم هەوڵەکان بۆ رێگەگرتن لە پەرەسەندنی ئەتۆم".

لەلایەکی دیکەوە، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئێسرائیل لە تویتێکدا هۆشداریدایە تاران و رایگەیاند، ئامانجی ئێران پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمییە، بەڵام ئیسرائیل هەرگیز رێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

لە پایزیی ساڵی ٢٠١٥ەوە و پاش ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1، تاران پیتاندنی یۆرانیۆمی بەڕیژەی ٢٠٪ راگرتبوو لەبەرامبەر راگرتنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر وڵاتەکەی.



ڕیکلام