چاوەڕواندەکرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دوابخرێت

  2021-01-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پسپۆڕێکی یاسایی و لیژنەی هەرێمەکان لە پەرلە بەدووی دەزانن هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کاتی خۆیدا بکرێت، کە مانگی حوزەیرانی داهاتوو دیاریکراوە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکە.

ئەحمەد عەبادی پسپۆڕی یاسایی عێراقی ڕایگەیاند، گریمانەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کاتی خۆیدا کەتووە، چونکە بە کۆتایی هاتنی وەرزی یاسایی پەرلەمان ئەو بابەتەش کۆتایی دێت.

ئەو پسپۆڕە یاساییە ئاماژە بەوەشکرد، بەردەوامی دانیشتنەکانی پەرلەمان بە تەنها بۆ پەسەندکردنی بودجە بووە، ئەوەش بە دەق لە مادەی ٥٧ ی دەستوردا هاتووە کە دەڵێت "ئەنجومەنی نوێنەران خولی دانیشتنەکانی ساڵانەیە و بە دوو وەرزی یاسا دانانە کە ماوەی ٨ مانگە، پەیرەوی ناوخۆ دیاریدەکات لەسەر چۆنێتی کۆبوونەوەی ، وەرزی کۆبوونەوەکانیش کۆتایی نایەت تا  پڕۆژە یاسای بودجە پەسەند نەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەش بە مانای ئەوەیە کە بە پەسەندکردنی یاسای بودجە پشووی پەرلەمان دەستپێدەکات، بۆیە ناتوانرێت یاسای دادگای فیدراڵی هەموار بکرێت، ناشتوانرێت پەرلەمان هەڵوەشێنرێتەوە، کە ئەوەش مەرجی بنەرەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، لەو بڕوایەدایە ئەوەش ئامانجی قەوارە سیاسییەکانە کە نایانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.

لە لایەکی ترەوە هەر سەبارەت بەو دۆسیەیە، مزر کەروی ئەندامی لیژنەی هەرێمەکان لە پەرلەمانی عێراق، بەدووری زانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا بکرێت، بەڵکو پێدەچێت بکەوێتە کۆتایی ئەمساڵەوە.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەو ئەندامەی لیژنەی هەرێمەکان ئاماژەی بەوەکرد، ٣ هۆکار هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا ئەستەمە، یەکەم بەهۆی دواکەوتنی یاسای دادگای فیدراڵیەوە، دووەم دواکەوتنی کۆمەککردنی دارایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، سێهەم فشاری هێزە سیاسییەکان بۆ تێکەڵکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان پێکەوە.

کەروی ئاماژەی بەوەشکردووە، دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆ کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ئەگەرێکی بەهێزە، چونکە بابەتەکە بەندە بە کات و توانای هێزە سیاسییەکان و کۆمسیۆن لە یەکلایکردنەوەی هەموو کێشەکانی کە دێنە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی داهاتووی دیاریکردووە، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، کە زۆربەی هێزە سیاسییەکان پشتیوانی ئەو کاتەیان کردووە بۆ ئەنجامدانی.



ڕیکلام