کازمی لێدوانی لە هەموو کارمەندانی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان قەدەغە کرد

  2021-01-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمرۆ فەرمانیکرد، کە نابێت کارمەندانی سوپا و دەزگا ئەمنییەکان، بە هیچ شێوەیەک لێدوان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بدەن، تەنها بە ڕەزامەندی خودی خۆی نەبێت.

لە نوسراوێکی فەرمیدا، کە لە لایەن سکرتێری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە دەرچووە، ئاماژە بەوە دەکات، لێدوان و دەرکەوتنی هەموو کارمەندانی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغە، کە نابێت هیچ لێدوان و چاوپێکەوتنێک بکەن لەگەڵ هیچ دەزگایەکی میدیاییدا، بەو پێیەی لێدوان و قسەکانیان کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی عێراق.

جەختیشیکردووە، بۆ هەر لێدوان و قسەکردنێک پێویستە مۆڵەت و رەزامەندی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان وەربگیرێت.

ئەو فەرمانەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کاتێکدایە، لێدوان و هەڵویستی لێپرسراو و کارمەندای دەزگا ئەمنییەکان هەڵویستی جیاجیای بەدوای خۆیدا دەهێنا و ببووە مایەی ناکۆکی لەناو پێکهاتەی دەزگا ئەمنییەکاندا.

 



ڕیکلام