دوو چەکداری داعش دەستگیرکران تۆمەتبارن بە شەڕی پێشمەرگە و تەقاندنەوەی پردێک

  2021-01-05  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
دەزگای هەواڵگری عێڕاق ڕایگەیاند، هێزەکانیان دوو چەکداری داعشیان لە کەرکوک دەستگیر کردووە، کە تۆمەتبار بوون بە تەقاندنەوەی پردێک، کە ڕێگای کەرکوکی بەناحیەی ڕەشاد لەڕۆژئاوای شارەکەوە دەبەستەوە.

بەلیغ حەمدی ئەفسەر لەپۆلیسی کەرکوک بەتۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری کەرکوکی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ بەوردی چاودێری ئەو دوو تیرۆریستەی کردووە، کە لەدیوانی جوندی سەر بەڕێکخراوی داعش کاریان کردووە و بەمادەی چواری تیرۆر داواکراوبوون دەستگیری کردوون.

 ئەو ئەفسەرە وتی "لەلێکۆڵینەوەکاندا ئەو دوو تیرۆریستە دانیان بەوەداناوە کە ئەندامی ڕێکخراوی داعشن وەک شانەی نوستوو لەشارەکە چالاکییان هەیە ولەگەڵ ئەوەشدا دوو کارەکتەری سەرەکی تەقاندنەوەی پردی مەریەم بێگ بوون کە کەرکوکی بەناحیەی ڕەشاد دەبەستەوە لەساڵی 2014دا".

 ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشان ناوە بەوەدا، کە وەک سەربازی ڕێکخراوی داعش لەشەڕی (ئەلفەتحو مبین) دژی هێزەکانی پێشمەرگە لەساڵی 2015 شەریانکردووە، پاش لاوازبوونی ڕێکخراوەکە وەک شانەی نوستوی داعش ڕۆڵیان هەبووە.



ڕیکلام