مایک پێنس ترەمپی ئاگادار کردووەتەوە ناتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگۆڕێت

  2021-01-06  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا بڵاویکردەوە، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئاگادارکردووەتەوە، کە ناتوانرێت بە هیچ شێوەیەک ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگۆڕێت، کاتێک کۆنگرێس پەسەندی دەکات.

ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، پێنس لە میانی ئێوارەخوانێک دوێنێ سێشەممە بە ترەمپی ڕاگەیاندەوەوە، هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ هەڵپەساردنی بڕیاری پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

بەگوێرەی پێدراوە فەرمییەکان، جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان سەرکەوتنی بەدەستهیناوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ دان نانێت بە سەرکەوتنی بایدندا، چونکە هیوای بەوەیە مایک پێنس لە هەوڵەکانی سەرکەوتوو بێت لەناوخۆی کۆنگرێسەوە، تا ڕێگری دروست بکات لە  پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

لە لایەکی ترەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، جیگری سەرۆکی ئەمریکا، ئەرکی فەرمی خۆی جێبەجێ دەکات، بە هیچ شێوەیەک ڕێگری ناکات لە کۆنگرێس کە براوەی پۆستی سەرۆکایەتی پەسەند بکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەو پێیەی سەرۆکی فەرمی ئەنجومەنی پیرانە، دانیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ کۆنگرێسدا ئەنجام بدەن، بۆ پەسەندکردنی دەنگدانی ئەندامانی ئەنجومەنی دەستەی دەنگدەران و پەسەندکردنی براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ٤ ساڵی داهاتوو.

پێشتر میتچ ماکونیل سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران، دانی ناوە بە سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، داواشی لە کۆمارییەکانی دیکە کرد ڕێگری نەکەن و پەسەندی بکەن.

بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش حۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان توانیویەتی ٣٠٦ دەنگی کۆمەڵگەی هەڵبژاردنەکان بەدەست بهینێت، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا ٢٣٢ دەنگی کۆمەڵگەی بەدەستهێناوە، جگە لەوەش بایدن بە جیاوازی ٧ ملیۆن دەنگ لە پێش ترەمپەوەیە.

 



ڕیکلام